وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: ناتۆ هاوپەیمانییەتییەکی دەرگا کراوەیە

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئەنالینا بێربۆک رایگەیاند، ناتۆ هاوپەیمانییەتییەکە سەرنجی خستووەتە سەر بەرگریی و دەرگا کراوەیە.

ئەنالینا بێربۆک بەرلە کۆبوونەوەی نافەرمیی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە میدیاکانی راگەیاند کە لە قۆناغێکدان هەموو کەس لە ئەورووپا پێویستی بۆ پاراستنی ئاسایش زیاتر بووە و گوتی: "وەک هاوپەیمانەکانی ناتۆ ئێستا دەرگامان کراوەیە بۆ ئەوانەی پێویستییان بە پشتیوانیی ئەمنییە".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە ئاماژەدان بەوەی کە فینلاند و سوید دۆستی نزیکی ئەوانن، گوتی: "بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیمان لە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە کرد لە چالاکییەکانی ئێوارەی دوێنێی ناتۆدا".

ئەنالینا بێربۆک ئاماژەی بەوە دا کە فینلەندا و سوید ئەندامی ناتۆ نین و بەشێک نین لێی، بەڵام ئێستا رووسیا ئەو دوو وڵاتەی بەرەو ناتۆ پاڵ ناوە، گوتی: "لە دۆخێکی لەم جۆرەدا دەرگاکانمان واڵان. ناتۆ هاوپەیمانییەتییەکە سەرنجی خستووەتە سەر بەرگریی و دەرگا کراوەیە و وایش دەمێنێتەوە. بۆیە ئەگەر گەل و پەرلەمانی ئەو دوو وڵاتە بڕیار بدەن ببنە ئەندام لە ناتۆ، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێ دەکەین".