په‌یامی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-20 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، لە پەیامێكدا پیرۆزباییى جه‌ژنى نه‌ورۆز و ساڵى تازه‌ى كوردى له خێزانى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدانى كوردستان و ته‌واوى گه‌لى كورد و كوردستانییان  و هه‌موو ئه‌و گه‌ل و میلله‌تانه‌ ده‌كات كه‌ جه‌ژنى نه‌ورۆز ده‌گێڕن.

ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:

كوردستانییانى خۆشه‌ویست..

به‌ گه‌رمى پیرۆزباییى جه‌ژنى نه‌ورۆز و ساڵى تازه‌ى كوردى له خێزانى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدانى كوردستان و ته‌واوى گه‌لى كورد و كوردستانییان له‌ هه‌ر كوێ بن و هه‌موو ئه‌و گه‌ل و میلله‌تانه‌ ده‌كه‌م كه‌ جه‌ژنى نه‌ورۆز ده‌گێڕن.

له‌م بۆنه‌یه‌دا ده‌مه‌وێ به‌تایبه‌تى پیرۆزباییى جه‌ژنى نه‌ورۆز و سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ ته‌واوى تیمه‌ پزیشكى و ته‌ندروستییه‌كان و پۆلیس و ئاسایش و زێره‌ڤانى و پێشمه‌رگه‌ و كارمه‌ندانى فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندارانه‌ بكه‌م كه‌ له‌ ڕیزى پێشه‌وه‌دا به‌ره‌نگارى په‌تاى كۆرۆنا و مه‌ترسییه‌كانى بوونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى گیانى هاووڵاتییان بپارێزن. ئه‌وان بۆ پاراستن و ڕزگاركردنى ئێمه‌ له‌سه‌ر كارن و ئێمه‌ش بۆ هاوكاریى هه‌مووان، ده‌بێ له‌ ماڵ بمێنینه‌وه‌.

نه‌ورۆزى ئه‌مساڵ له‌ دۆخێكى سه‌ختدا دێته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستانیش وه‌ك زۆربه‌ى وڵاتانى جیهان ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسییه‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌م په‌تایه‌ بووه‌ته‌وه‌. له‌م دۆخه‌دا ده‌بێ هه‌موومان پابه‌ندى ڕێنماییه‌كانى ڕێكخراوى ته‌ندروستیى جیهانى و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بین.

نه‌ورۆز جه‌ژن و هێماى سه‌ركه‌وتنه‌ و ده‌بێ وه‌ك هه‌میشه‌ هێز و وره‌مان بداتێ. به‌ پابه‌ندى و هاوكاریى هاووڵاتییان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان، ئه‌م سه‌ختییه‌ش تێده‌په‌ڕێنین و سه‌رده‌كه‌وین. له‌ كۆنه‌وه‌ گه‌لى كورد و كوردستانییان به گه‌شت و سه‌یران و كردنه‌وه‌ى ئاگرى نه‌ورۆز ڕاهاتوون، به‌ڵام بۆ ئه‌م ساڵ و له‌به‌ر ئه‌م دۆخه‌، با هه‌موومان پابه‌ند بین و له‌ ماڵ بمێنینه‌وه‌. با به‌ داگیرساندنى مۆمێك له‌ ماڵ ئاگرى نه‌ورۆز بكه‌ینه‌وه‌ و هیواى سه‌ركه‌وتن و تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه‌ بخوازین، گه‌شت و سه‌یران، بۆ دواى تێپه‌ڕاندنى سه‌ختییه‌كان بن.

هاووڵاتییانى ئازیز..

چ بۆ ئه‌و دۆخه‌ى به‌هۆى په‌تاى كۆرۆنا و لێكه‌وته هه‌مه‌لایه‌نه‌كانییه‌وه‌ هاتووه‌ و دێته‌ ئاراوه‌، چ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخ و پێشهاته‌ سیاسییه‌كانى عێراقیش بێت، هه‌رێمى كوردستان ده‌بێ ته‌بایى و یه‌كڕیزى و كارى پێكه‌وه‌یى و ئه‌وپه‌ڕى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا بپارێزێت. هه‌مووان به‌ گیانێكى به‌رپرسانه‌ى نیشتمانییانه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى هه‌رێمى كوردستان بجووڵێنه‌وه‌، ئێمه‌ش له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر كاركردن بۆ ئه‌م ئامانجه‌ به‌رده‌وام ده‌بین.

له‌سه‌ر ئاستى عێراقیش دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ هاوكار ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانى وڵات و دروستكردنى سه‌قامگیرى و سازانێكى سیاسى له‌ عێراق، پشتگیریش له‌ حكوومه‌تێك ده‌كات كه‌ داوا و مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌ل و پێكهاته‌كانى عێراق ده‌سته‌به‌ر بكات و تایبه‌تمه‌ندى و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش بپارێزێت.

جیهان ئێستا بەهۆی كۆرۆناوە بە دۆخێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت. ئەو پەتایە ژیانی مرۆڤی لەڕووی تەندروستی و ئابوورییەوە خستووەتە دۆخێكی یەكجار چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌وه‌ كە تێپەڕاندنی پێویستی بە لێكگەیشتن و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییەكی گەورەی جیهانییە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان هەرچی زووە ڕۆڵی خۆیان لەپێناو كەمكردنەوەی زیانەكانیدا بگێڕن، هه‌رێمى كوردستانیش هاوكار ده‌بێت.

خواى مه‌زن كوردستان و كوردستانییان و ته‌واوى گه‌لانى جیهان بپارێزێت. جه‌ژنى نه‌ورۆز له‌ هه‌مووتان پیرۆز بێت، هیوادارم جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتوو له‌ كه‌ش و دۆخێكى باشتردا بكه‌ینه‌وه‌.

 

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

20/3/2020