پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەران عێراق دەستپێشخەرییەكیان راگەیاند

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

په‌رله‌مانتارانی سه‌ربه‌خۆی عێراق كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 40 په‌رله‌مانتار ئه‌مڕۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی نوێیان راگه‌یاند بۆ رزگاركردنی دۆخی عێراق له‌ چه‌قبه‌ستووریی.

له‌ ناوه‌ڕۆكی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌دا هاتووه‌، پێویسته‌ به‌بێ مه‌رجی پێشوه‌خته‌ كوتله‌ی نوێی په‌رله‌مان دروستبكرێت و حكومه‌تی نوێ هه‌ڵبژێردرێت هه‌روه‌ها ده‌شڵێن: پێویسته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ كه‌سێكی ده‌ستپاكبێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گومانی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر نه‌بێت.
له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، پێویسته‌ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق به‌دووربێت له‌ ده‌ستی بیانی و ده‌ستتێوه‌ردانی تێدا نه‌كرێت له‌لایه‌ن وڵاتانه‌وه‌.

په‌رله‌مانتاره‌ سه‌ربه‌خۆكانى عێراق له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆككۆماره‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ڵده‌بژێردرێت به‌پێی ده‌ستوور هه‌ڵبژێردرێت بۆ سه‌رۆك كۆمار.

راگه‌یاندنی ده‌ستپێشخه‌ریی په‌رله‌مانتاره‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی راگه‌یاند و داواى كرد په‌رله‌مانتاره‌ سه‌ربه‌خۆكان حكومه‌ت پێكبهێنن و ئه‌وانیش پشتیوانیان لێده‌كه‌ن.

ئه‌میری مه‌عموری، په‌رله‌مانتارى سه‌ربه‌خۆ له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆك و گرنگی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌یان رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق به‌ده‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌كان بچن دۆخی عێراق له‌ چه‌قبه‌ستوویی رزگارى ده‌بێت چونكه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت حكومه‌تێك پێكبهێنرێت كه‌ خواسته‌كانی هاووڵاتییان به‌دی بهێنێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شكردووه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆكان له‌ په‌رله‌مانى عێراق پرۆسه‌ی چه‌قبه‌ستووی سیاسی له‌ عێراقدا خێراتر ده‌كات به‌ ئاراسته‌ی رزگاربوون له‌و وه‌ستاوییه‌ سیاسییه‌ی كه‌ ئێستا عێراق تێیدایه‌، گوتیشى ئێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ ئه‌م بڕیارانه‌مانداوه‌ و ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌مان راگه‌یاندووه‌ و تێیدا داوا ده‌كه‌ن پێش هه‌مووشتێك سه‌رۆككۆمار هه‌ڵبژێردرێت پاشانیش سه‌رۆكوه‌زیران.