بەهۆی دواکەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە، نزیکەی دوو هەفتەیە دەرگای زانکۆی هەڵەبجە داخراوە، مامۆستایان و فەرمانبەران دەڵێن ڕێگە نادەین دەرگای زانکۆکە بکرێتەوە، لە بەرامبەریشدا گرفتی سەرفکردنی داهاتی زانکۆ و پەراوێزخستنی زانکۆکە بەشێکی دیکەن لە نیگەرانیەکانن، لەو نێوەندەشدا خویندکاران دەڵێن ئەوان بوونەتە قوربانی و بەهۆی ڕاگەیاندنی پشووەوە دەرگای بەشە ناوخۆیی کچان داخراوە و نێراونەتەوە ماڵەوە. دکتۆر عومەر فواد مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە ڕایگەیاند "ئەوان لە بانکی هەڵەبجە پێیان وتوون موچەی مانگی سێتان لە دەست چووە خەمی مووچەی مانگی چوار بخۆن ئەو لیستانەی کە حکومەت ڕایاندەگەیەنێت هیچ زەمانێکیان نیە و چەندین ڕۆژ موچەکانیان دوادەکەون، لەبەردەم ئەنجومەنی زانکۆی هەڵەبجەشدا ڕایگەیاند داهاتی زانکۆی هەڵەبجە و هاتووچۆی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگرەکان هاتنیان لە سلێمانیەوە بەهەدەردانی لە داهاتی زانکۆی دروست کردووە." دیار محەمەد نوێنەری گشتی خوێندکاران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" مامۆستایان بونەتە قوربانی دەستی حکومەت و ئەوانیش خوێندنکارانیان کردووەتە قوربانی، ئاماژەشی بەوەکرد لە بەشەناوخۆیی کچان، کچان لە بەشەناوخۆییەکە بە شەو کراونەتە دەرەوە و پارەیان بۆ کۆکردونەتەوە تا گەڕاونەتەوە ماڵی خۆیان کە لە دەرەوەی هەڵەبجە." لە بەرامبەر داواکاری مامۆستایان و خوێندکاراندا دکتۆر مەهابات کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە ڕایگەیاند " ئەوان وەک ئەنجومەنی زانکۆ لەگەڵ تەواوی داواکاریەکانی مامۆستایانان و خۆیان لەوان جیا نەکردووەتەوە، ڕەتی دەکاتەوە ڕاگەیاندنی پشوو بۆ کۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەکان بێت، گوتیشی لەبەردەم مامۆستایان گەر ئۆتۆمبێلەکەی گرفتی درووست کردووە بە ئۆتۆمبیلی خۆی هاتووچۆ دەکات." نیگەرانیەکانی مامۆستایان و خوێندکاران لە کاتێکدایە هێشتا بەشێکی زۆر لە مامۆستایان لە سنوری هەڵەبجە و سلێمانی موچەی مانگی 3 یان وەرنەگرتووە و تەواو نەکردنی شوقەی مامۆستایان و بەشەناوخۆیی کوڕان گرفتی دیکەن و وەک خۆشیان دەڵێن چەندین پسوڵەی سزادانی هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلەکانی زانکۆوە هەن کە لە دەرەوەی کاری ئیداری بۆیان کراوە .