دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا، گواستنەوەی ٢٦٤ سەرباز لەنێویاندا ٥٣ برینداری سەخت لە کارگەی ئازۆڤستال لە ماریوپۆل کە لەلایەن رووسیاوە گەمارۆدراوە راگەیاند.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرایناوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە یەکەی سەربازیی لە ماریوپۆل ئەرکی جەنگیی دیاریکراوی خۆی تەواو کرد، لەبەرئەوە فەرماندەیی باڵای سەربازیی، فەرمانی بە فەرماندەکانی ئەو سەربازانە کرد کە لە کارگەی ئازۆڤستال-ن، ژیانی ئەو سەربازانە رزگار بکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا، باس لەوە کراوە کە ئۆپەراسیۆن بۆ رزگارکردنی ئەو سەربازانەی لە گۆڕەپانی کارگەکە کە لەلایەن سەربازانی رووسیاوە گەمارۆدراون درێژەی هەیە و هاتووە 'گواستنەوەی ٥٣ سەربازی بریندار دەستی پێ کرد و بران بۆ نەخۆشخانەی شاری نۆڤۆوازۆڤسک، ٢١١ سەربازەکەی دیکە لە پرۆسەیەکی گۆڕینەوەدا گواسترانەوە بۆ ئۆلینیڤکا بەمەبەستی ناردنیان بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی سوپای ئۆکراینا'.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها ئەوەیش خراوەتەڕوو کە کارەکان درێژەیان هەیە بۆ رزگارکردنی ئەو سەربازانەی دیکە کە لە کارگەی ئازۆڤستال ماونەتەوە.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاراستەی گەلەکەی کرد و باسی لە رزگارکردنی سەربازانی ئازۆڤستال کرد.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد کە دووبارە رۆژێکی سەخت تێپەڕی بۆ پاراستنی وڵات و خەڵکەکەی، ئومێدەوارن بتوانین لە سایەی سوپای ئۆکراینا، هەواڵگریی، شاندی دانوستان، نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی ژیانی سەربازانی ئازۆڤستال رزگار بکەین.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی باسی لەوەیش کرد کە گەڕانەوەی سەربازانی ئۆکراینا بۆ ماڵەکانیان پێویستی بە هەوڵ و کات هەیە و گوتی: 'دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە ئۆکراینا پێویستی بە قارەمانانی زیندووی ئۆکراینی هەیە. ئەوە کاری لە پێشینەی ئێمەیە. پێموایە ئەو قسانە لۆجیکین و هەمووان لێی تێدەگەن'.