نزیکەی 440 ملیۆن دینار بۆ 18 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە دەوروبەری ھەولێر خەرج دەکرێت

دوا نوێکردنەوە: 2022-05-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتری پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی ھاووڵاتییان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان رەزامەندی دا بە خەرجکردنی گوژمەی نزیکەی 440 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی 18 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە شارۆچکەکانی دەوروبەری ھەولێر.

لەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو گوژمەیە بە گوێرەی پلانی ساڵی 2022 و لەسەر رێژەی 15 لەسەدی داھاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارەوانییەکانی بەحرکە، بنەسڵاوە، دارەتوو، قوشتەپە، بەستۆڕە، رزگاری، شاوێس، خەبات، شەمامک، کەورگۆسک، کەسنەزان، تەقتەق، مەلائۆمەر، پیرزین، رەواندز، پیرمام و شەقڵاوە، خەرج دەکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە پڕۆژەکان ھەمەجۆرن و بوارەکانی کێربستۆن و دروستکردن و تەواوکردنی شەقام و کۆنکرێتکردنی کۆڵان و قیڕتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقام و چەند بابەتێکی دیکە دەگرێتەوە.

هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە کە بەھۆی ئەو پڕۆژانەوە ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە سنووری ئەو شارۆچکانە بەرزتر دەبێتەوە.