گۆڕانكاری له‌ پێدانی خشته‌ی كاره‌بای نیشتیمانی رووده‌دات

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای هه‌ولێر لهبڵاوكراوه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "بۆ یه‌كه‌مجار وه‌زاره‌تی كاره‌با رووپێوێكی پێویستی شاره‌كانی كوردستان ئه‌نجام ده‌دات، له‌م پرۆسیه‌یه‌دا خواستی راسته‌قینه‌ی شاره‌كان ده‌رده‌كه‌وێت".

وتیشی ،"كاتێك تێستی شارێك ده‌ستپێده‌كات، ئه‌و شاره‌ بۆ ماوه‌ی دوو رۆژانه‌ كاره‌بای به‌رده‌وامی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كه‌ خواستی راسته‌قینه‌ی ئه‌و شاره‌ چه‌نده‌".

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

به‌شێوه‌یه‌كی كاتی گۆڕانكاری له‌خشته‌ی كاره‌با رووده‌دات
بۆ یه‌كه‌مجار وه‌زاره‌تی كاره‌با رووپێوێكی پێویستی شاره‌كانی كوردستان ئه‌نجام ده‌دات
به‌ڕێوه‌به‌ری كۆنتڕۆلی ناوه‌ندی: له‌م پرۆسیه‌یه‌دا خواستی راسته‌قینه‌ی شاره‌كان ده‌رده‌كه‌وێت
به‌پێی فه‌رمانێكی وه‌زاریی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند به‌ دیمان تێستی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ندازیار بورهان خدر پێكهێنرا بۆ دیاریكردنی خواستی شاره‌كان له‌ كاره‌با، سه‌باره‌ت به‌م پرۆسه‌یه‌ش ئه‌ندازیاری شاره‌زا ئومێد ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری كۆنتڕۆلی ناوه‌ندی هه‌ریم رایگه‌یاند :
له‌ شه‌وی 14/15-5-2022 كاتژمێر سفر، ده‌ستمانكرد به‌ تێستی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد و سه‌ره‌تا له‌ شاری سلێمانی و دواتر هه‌ڵه‌بجه‌ و پاشان له‌ ئیداره‌ی راپه‌ڕین و گه‌رمیان و زاخۆ ده‌ستمان پێكرد، خۆشبه‌ختانه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ته‌واو بوو، ئێستاش له‌ كاتژمێر 12ی شه‌وی رابردوو ده‌ستمان به‌تێستی شاری هه‌ولێر كردووه‌، دوای ته‌واو بوونی تێستی پارێزگای هه‌ولێریش، ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ تێستی پارێزگای دهۆك، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌كه‌وێته‌ هه‌فته‌ی داهاتوو له‌به‌ر بارودۆخی تۆڕه‌كان و نه‌بوونی مێگاواتی پیویست بۆ ئه‌م تێسته‌.
هه‌وره‌ها ئومێد زیاتر گوتی:
ئێمه‌ وه‌كو لیژنه‌كه‌ له‌سه‌نته‌ری كۆنتڕۆلی هه‌ولێرین و به‌رده‌وامین له‌ راپه‌ڕاندنی كاره‌كان و خۆشبه‌ختانه‌ پرۆسه‌یه‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌مان بۆ دانابوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت، خاڵێكی گرنگ هه‌یه‌ ده‌مه‌وێ لێره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێبده‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كاتێك تێستی شارێك ده‌ستپێده‌كات، ئه‌و شاره‌ بۆ ماوه‌ی دوو رۆژانه‌ كاره‌بای به‌رده‌وامی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كه‌ خواستی راسته‌قینه‌ی ئه‌و شاره‌ چه‌نده‌، واته‌ به‌شه‌ كاره‌بای شاره‌كانی دیكه‌ كه‌مده‌بیته‌وه‌ چونكه‌ به‌هۆی به‌شی ئه‌وان پڕیده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاره‌باكه‌ هه‌م له‌ رووی تۆڕه‌كانه‌وه‌ هه‌م له‌رووی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ به‌شی هه‌موو شاره‌كان ناكات ئه‌گه‌ر له‌یه‌ك كاتدا تێست بكرێت.
له‌كۆتاییدا گوتی: دوای ئه‌وه‌ی تێستی هه‌موو شاره‌كان ته‌واو ده‌بێت ئیمه‌ هه‌ڵده‌ستین به‌پێشكه‌شكردنی راپۆرتی خۆمان بۆ وه‌زاره‌ت و له‌وێ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌درێت بۆ دیاریكردنی رێژه‌ی پێویستی شاره‌كان.
راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای هه‌ولێر