کەنەدا پڕۆژە یاسایەک پێشکەش دەکات بۆ قەدەغەکردنی گەشتی پوتن بۆ کەنەدا

دوا نوێکردنەوە: 2022-05-18 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

کەنەدا پڕۆژە یاسایەکی لە ئەنجومەنی سیناتدا پێشکەش کرد کە تیایدا گەشتکردنی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و نزیکەی 1000 ئەندامی حکومەتەکەی و سوپاکەی بۆ کەنەدا قەدەغە دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کەنەدا بەردەوامە لە زیادکردنی سزاکانی سەر مۆسکۆ بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا. وەزیری پاراستنی گشتی کەنەدا مارکۆ مێندیسینۆ لە بەیاننامەیەکدا وتی " قەدەغەکردنی هاتنی کەسە نزیک و لایەنگرەکانی ڕژێمەکەی پوتن و ئەوانەشی کە بەرپرسن لەم دوژمنکارییە بێهۆکارە بۆ کەنەدا یەکێکە لە زۆرێک لەو ڕێگەیانەی کە تیایدا ڕووسیا بە بەرپرس دادەنێین لەسەر تاوانەکانی." لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، کەنەدا شان بە شانی وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆمەڵێک سزای بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە. کەنەدا سزای بەسەر کەرتی بەرگری ڕووسیا و سەدان کەس و لایەنی ڕووسیادا سەپاندووە، لە هەمان کاتیشدا چەک دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا. لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ کیێڤ، سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ بەڵێنیدا چەک و کەلوپەلی سەربازیی زیاتر بنێرێت بۆ ئۆکرانیا. ڕووسیا لە وەڵامدا گەشتکردنی ترودۆ و وەزیری دارایی کەنەدا کریستیا فریلاند و نزیکەی 600 کەسی دیکەی کەنەدی بۆ ڕووسیا قەدەغەکردووە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز