نازم دەباغ ئاگاداری هاتنی شانده‌كه‌ی هەرێم بۆ تاران نیم و لە ڕاگەیاندنەكانەوە بیستومە

دوایین نوێکردنەوە 2022-05-19 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران رایگه‌یاند" منیش وەك ئێوە لە ڕاگەیاندنەكانەوە بیستومە كە ئەو شاندەی هەرێم هاتوون بۆ ئێران، لەبەرئەوە ناتوانم نە ڕەتی بكەمەوە نە پشتڕاستی بكەمەوە".

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند "دەمێكە وەكو نوێنەرایەتی هەرێم لە تاران لەو هەڵسوكەوت و هاتۆچۆیانە ئاگادار نین وەك خۆی ، چونكە ئێستا هەموو شتەكان لە هەولێر و سلێمانیەوە لە ڕێگای كونسڵگەرییەكانەوە ئەنجام دەدرێت، خۆیان لە پەیوەندیدان و شاندەكان ڕێكدەخن، بە تایبەتی ئەو شاندانەی ئەگەر بە فڕۆكەی تایبەت بێن و بگەڕێنەوە".

وتیشی " هەمیشە لەمكاتانەدا ئەو باسە هەبووە، لە ئەمساڵیش كە توركیا پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدات بەناوی دەركردنی پەكەكە، جۆرێك لە تێكەڵاوی دروست دەبێت لە لایەن هەموویانەوە كە ڕێگا لەو لایەنە سیاسییانە بگرن بۆ ئەوەی جارێكی تر لە هەوڵدا نەبن بۆ ئەوەی بێنەوە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێرانی، كێشەی ئەمنی و ئاسایشی دروستبكەن تا پەلاماری ئێران بدەن، و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، هەتا لایەنەكانیش چ یەكێتی یا پارتی، هەمیشە تەئكیدییان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت كە ئەم كارانە ئەنجام بدرێت چونكە ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ یەك گرنگە. "