هەولێر-KDP.info- پێشنیارکراوە خوێندنی ئەمساڵی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بەسیستەمی ئونلاین تەواو بکرێت و سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدینیش دەڵێ، لە رۆژانی داھاتوو ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیار لەسەر خوێندنی ئونلاین دەدات.
د.جەوھەر رواندزی، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بەوەکالەت بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، پێشنیارێک ئامادەکراوە بۆ ئەوەی خوێندنی ئەمساڵی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بە شێوەی ئونلاین درێژەی پێبدرێت و بڕیارە لە رۆژانی دابێ ئەنجوومەنی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەبارەی پرسی خوێندنی ئەمساڵ کۆببێتەوە.
دەشڵێ، ھەموو زانکۆکان بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن و ئەگەر بێت و پشووی خوێندن درێژبکرێتەوە ئەوا پێمان باشە سیستەمی خوێندنی ئونلاین بۆ تەواوکردنی ئەمساڵی خوێندن بڕیاری لەبارەوە بدرێ.
بەگوێرەی لێدوانی ناوبراو، جێ بەجێکردنی سیستەمی ئونلاین بۆ بەرژەوەندی قوتابیان و ئاستی زانستی زانکۆکانە لەھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی خوێندن تەنیا یەک مانگی ماوە، ئەگەر ئەم سیستمە جێبەجێ بکرێ ئەوا خوێندنی ئەمساڵ بێکێشە تەواو دەبێ.
قائید میرۆ