هەولێر-KDP.info- هاووڵاتیان دەڵێن، ناچینە سەیرانەوە و لە ماڵ دەمێنینەوە، کۆمەڵناسێکیش دەڵێ، بەهۆی کۆڕۆناوە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهیزبوونە، گرینگە ئەو ماوەیە لە جیاتی سەیران هاووڵاتیان لە ماڵەوە بمێننەوە.
ئارام زاھیر، شارەزای کۆمەڵناسی بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" بڕیاری قەدەغەی ھاتووچۆ لەھەرێمی کوردستان لەچەندین لاوە سوودی ھەبوە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی کوردستان، چونکە رێگربووە لە تەشەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەنێو کۆمەڵگەدا و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیشی بەھێزکردوە، لەبەر ئەوەی ھاوڵاتیان لەماڵەوە زیاتر تێکەڵی خێزان و دەوروبەربوونە.
کارزان ئەحمەد، گەنجێکی شاری ھەولێرە و لەبارەی خۆپارێزیەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی" میللەتی ئێمە دەبێت بیر لە سەلامەتی ژیانی خۆ و دەروبەریشی بکاتەوە، من لەگەڵ ئەوەدام قەدەغەی ھاتووچۆ ھەر بەردەوامبێت ھەتا ئەوکاتەی مەترسی کۆرۆنا بە تەواوی نامێنێ، چی دەبێت ھاوڵاتی دەرنەچێت تا نەبێتە ھۆکاری مردنی خۆیی و دەوروبەری.
ئارام زاھیر دەشڵێت" پشوو درێژی ھاوڵاتیان و مانەوەیان لەماڵەوە ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە ئەرکی تاکەکانی نێو کۆمەڵگەیە پابەندی خۆپارێزی بێت، بەتایبەتی دەرنەچوون بۆ گەشت و سەیران ئێمە دەتوانین لە وەرزی دیکەدا سەیرانی خۆمان بکەین، بەڵام ژیانمان گرنگترە لەوەی ژیانی خۆمان و منداڵەکانمان بیخەینە مەترسیەوە بۆ گەشت و سەیران.
دڵبەند محەمەد، دانیشتووی قەزای خەبات لەبارەی کاریگەری خۆپارێزی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت" بەرھەمی قەدەغەی ھاتووچۆمان بینی ژمارەی تووشبویان کەمی کردوە لە ھەرێمی کوردستان، پابەند نەبین بە رێنمایەکان خوانەخواستە وەک وڵاتی ئیتالیامان بەسەردێت ئەوکات پەشیمانی دادمان نادات، لەبەر ئەوە پێویستە ھەموومان پابەندی رێنمایەکانی خۆپارێزی بین.
قائید میرۆ