ههولێر-KDP.info- مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، پهیامێكی بڵاوكردهوه و تێیدا داوا لە هەموو هاووڵاتیان و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەكات پابەندی رێنماییەکانی هەردوو وەزارەتی تەندرووستی و ناوخۆ بن بۆ ئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بگیرێت.
دهقی پهیامهكه:
داوا لە هەموو هاووڵاتیان و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە پابەندی رێنماییەکانی هەردوو وەزارەتی تەندرووستی و ناوخۆ بن بۆ ئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بگیرێت.
سەرەڕای ئاگادارکردنەوە و گرتنەبەری هەموو رێکارە پێویستەکان لە لایەن دامودەزگاکانی حکوومەتەوە، بەداخەوە هێشتا لەلایەن هەندێک کەسەوە سەرپێچیکردن بەردەوامە و بەو رەفتارەشیان نەک هەر ژیانی خۆیان بەڵکو ژیانی کەسوکاریان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە.
بەداخەوە ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی لە هەڵکشاندایە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە وەک پێویست هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ناکرێت و رێکارەکان لە لایەن ژمارەیەک خەڵکەوە جێبەجێ ناکرێن و پێشێلکاریش لە خاڵە سنووریەکان بەردەوامە.
هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەت ئەوە ناهێنێت ژیانی خۆتان و خەڵکیش بخەنە مەترسییەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم دامودەزگاکانی پەیوەندیداری حکوومەت رێکاری توندتر بەرامبەر بە سەرپێچیکاران بگرنەبەر و ئەوانەی یاری بە ژیانی خەڵک دەکەن ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە.
هیوادارم هاووڵاتیانی خۆشەویستیش مەترسیی ئەو پەتایە زیاتر بە جددی وەرگرن. ئەوەی لەسەر حكوومەت بووە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین، بەڵام پێویستە هەموومان هاوکاری یەکتر بین، رۆڵی حکوومەت و هاووڵاتیان لەم دۆخەدا تەواوکەری یەکترە.
توانای سیستەمی تەندروستیی هەرێم سنووردارە و لەکاتی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە کێشەکان زیاتر دەبن و ئەو کاتیش گلەیی فریای کەس ناکەوێت. هەر بەهەندوەرنەگرتن یان کەمتەرخەمییەک دەتوانێت ئەنجامی کارەساتباری هەبێت. لەسەر هەموو کەس و لایەنێک پێویستە واز لە بەرژەوەندیی تایبەت بهێنن و خەمی گشتیی خەڵکی کوردستان بکەن بە خەمی خۆیان، چونکە کەس لە ئاسەوار و کاریگەرییەکانی ئەم پەتایە بەدەر نابێت.
تکا لە هەموو هاووڵاتییانی کوردستان دەکەم بە هەستێکی بەرپرسیارانە ڕینماییەکان ڕەچاو بکەن و ژیانی خۆیان و کەسوکاریان و هاونیشتمانیان بپارێزن. تکاتان لێدەکەم لەم ماوە دیاریکراوەدا لەماڵەوە بمێننەوە و کەمترین پەیوەندیی و هاتووچۆتان هەبێت.
لە کۆتاییدا سوپاسی خۆراگریی زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەکەم. سوپاس و پێزانینم ئاراستەی تیمە تەندروستییەکان و ئەو پزیشک و پەرستارانە دەکەم کە لە هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایەن. سوپاسی هێزەکانی ناوخۆ و کارمەندانی شارەوانی و کارەبا و هەموو دەزگا خزمەتگوزارییەکان دەکەم کە شەو و رۆژ لە پاراستنی خەڵک و جێبەجێکردنی رێنماییەکان بەردەوامن.
خوای مەزن هەموولایەک بپارێزێت و کوردستانمان لە هەموو ناخۆشییەک بەدوور بگرێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2020/3/22