سۆران-KDP.info - بەھۆی ھاوسنووری لەگەڵ ئێران ئیدارەی سۆران سنوورەکانی توند کردووە و قایمقامی سۆرانیش دەڵێ، ھاتوچۆ بەیەکجاری لە ھەندێ سنووری سۆران ڕاگیراوە و ڕەتیشی کردەوە ھیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەڤەری سۆران تۆمار کرابێت.
کرمان عزەت، قایمقامی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری شارەدێی سیدەکان و ئەو ناوچانەی ھاوسنووری ئێرانن، سنوورەکان توند کراون و بە ھیچ شێوەیەک لەو ناوچانە ڕێگە بە ھاتوچۆ نادرێت، لەنێو سۆران و دەوروبەریش ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر و بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ جێبەجێ دەکرێت."
لەبارەی ئەو زانیاریانەی لە ھەندێ دەزگای ڕاگەیاندنەوە بڵاو کراونەتەوە، کە گوایە دوو حاڵەتی کۆرۆنا لە سۆران ھەن، قایمقام دەڵێت: "ھیچ بنەمایەک نییە بۆ ئەو زانیاریانە و ھیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا تا ئێستا لە سنووری سۆران تۆمار نەکراوە و وەڵامی ئەوانەش دەدەینەوە کە پڕۆپاگندە بڵاو دەکەنەوە."
کرمانج عزەت جەختی کردەوە: "تەندروستیی سۆران بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامادەکاریی تەواوی کردووە و نەخۆشخانەکان بۆ ھەر ئەگەرێک ئامادە کراون و ئەگەر خوانەخواستە ڤایرۆسەکە بگاتە سۆران دەزگاکانی حکوومەت بەردەوام لە ئەرکدان بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی."
قائید میرۆ