پارێزگاری سلێمانی مژده‌ى چاره‌سه‌رى ڤایرۆسى كۆرۆنا راده‌گه‌یه‌نێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-03-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێكدا مژده‌ى چاره‌سه‌ر راده‌گه‌یه‌نێت و ده‌ڵێت: كۆمپانیایه‌ك ده‌رمانه‌كه‌ى دروستكردووه‌و ئومێد وایە دەست بكرێت بە بەرھەمھێنانی لەچەند رۆژێكی كەمی داھاتوودا، كە دەتوانرێت لە مانگی داھاتوودا بەبێ بەرامبەر بگاتە دەست نەخۆش، لەپێناو دڵسۆزیی و پابەندیی كۆمپانیاكەمان بۆ هەر یارمەتییەک كە بەرپرسیارێتی نیشتمانیی دەیخوازێت.

ده‌قى په‌یامه‌كه‌:

مژدەی چارەسەرکردن

ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای پایۆنێر ئاگاداریکردینەوە، کە كۆمپانیای پایۆنێر بۆ پیشەسازیی دەرمان بەوپەڕی تواناوە سەرباری ئەم بارودۆخە سەختەی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بەدرێژایی رۆژ بەردەوامە لە کارکردن بۆ بەرھەمھێنانی گیراوە خوێنبەرییەكان بەھەموو جۆرەكانیەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی بۆ پشتگیری سێكتەری تەندروستی عێراق.
ھاوكات كۆمپانیاكە هەموو تواناکانی خۆی خستووەتەگەڕ بەبەردەوامیی، بەمەبەستی دابینكردنی ئەو دەرمانەی بەم دواییانە بڕیاری لەسەر دراوە بەپێی لێكۆڵینەوە جیھانییەكان، كە چارەسەری پەتای كۆرۆنا ڤایرۆس (COVID 19) دەكات و بریتیە لە (Hydroxychloroquine Sulphate 200 mg tablet)، سەرباری ئامادەكراوی (Azithromycin). بەرھەمەكە بە كرداریی و لەناو لیستی ئامادەكراوانی كۆمپانیاكەماندا بەناوی (Zitroneer 500 mg) ئومێد وایە دەست بكرێت بە بەرھەمھێنانی لەچەند رۆژێكی كەمی داھاتوودا، كە دەتوانرێت لە مانگی داھاتوودا بەبێ بەرامبەر بگاتە دەست نەخۆش، لەپێناو دڵسۆزیی و پابەندیی كۆمپانیاكەمان بۆ هەر یارمەتییەک كە بەرپرسیارێتی نیشتمانیی دەیخوازێت.
ئەم هەنگاوە، هەنگاوێکی تەندروستیی زانستیی گرنگ دەبێت بۆ سەرکەوتن بەسەر پەتای کۆرۆنادا.
پارێزگاری سلێمانی پشتیوانیی تەواوی پارێزگای سلێمانی بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوانە دەربڕی و، سوپاسی کاری دڵسۆزانەو بەرپرسیارانەی کۆمپانیای پایۆنێری کرد.
هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە، کە لەسەر هەموو ئاست و تەوەرەکان بەردەوام دەبین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە مەترسیدارەو زاڵبوونی تەواویی بەسەر ئەم پەتایەدا.

سوپاس بۆ دەستپێشخەرییەکانی پایۆنێر.
سوپاس بۆ پابەندبوونی هاووڵاتیانی بەڕێز.
سوپاس بۆ ئەرک و ماندوبوونی بەردەوامی سەرجەم دامودەزگاکان.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
٢٢/ ٣/ ٢٠٢٠