سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ماریۆ دراگی بەهۆی قەیرانی ناو حکوومەتەکەیەوە دەستی لەکار کێشایەوە.
دوای ئەوەی دوێنێ سێ پارتی هاوپەیمانی دەسەڵات لە ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا پشتیوانییان لە کابینەی حکوومەتەکەی نەکرد، بەیانی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ماریۆ دراگی بۆ پێشکەشکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی گەیشتە کۆشکی کۆماریی و لەگەڵ سەرکۆماری ئیتاڵیا، سێرگیۆ ماتارێلا کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەی نێوان دراگی و ماتارێلا، سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتی کۆماری ئیتاڵیا، ئوگۆ زامپێتی لێدوانی دا و گوتی: "سەرکۆماری ئیتاڵیا، سێرگیۆ ماتارێلا بەیانی ئەمڕۆ پێشوازی لە سەرۆکوەزیران، ماریۆ دراگی کرد. سەرۆکوەزیران دوای ئەوەی باسی لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجامی دەنگدانەکە کرد، دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند، سەرکۆماریش ئەم داوایەی لەبەرچاوگرت"