مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی: بە مووچەی ئێمە كەموكورتی وەزارەتەكانی پێ پڕكراوەتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌شاری سلێمانی رایانگه‌یاند تائێستا شایسته‌ی دارایی مانگی پێنجی رابردویان پێنه‌دراوه‌و پاره‌كه‌یان كورتهێنانی موچه‌ی پێ پڕكراوه‌ته‌وه‌.

محمد كه‌مال نوێنه‌ری مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: تائێستا شایسته‌ی دارایی مانگی پێنجی رابردویان وه‌رنه‌گرتوه‌و دوای به‌دواداچونیان پێیان ڕاگه‌یاندون كه‌ دابه‌شكردنی موچه‌ كورتهێنانی هه‌بوه‌و پاره‌ی مامۆستایانی وانه‌بێژ به‌كارهێنراوه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كورتهێنانه‌، واته‌ موچه‌كه‌مان خوراوه‌و كه‌موكورتی وه‌زاره‌ته‌كانی پێ پڕكراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێى "نه‌وا"، نوێنه‌رى مامۆستایانى وانه‌بێژ وتیشی: مامۆستایانی وانه‌بێژ یه‌كجه‌سته‌ین و ئیدانه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌به‌رامبه‌ر مامۆستایانی وانه‌بێژ كراوه‌ له‌به‌رده‌م بانكی كه‌لار، ئه‌وان داوای مافی سێ مانگ پێش ئێستای خۆیانكردوه‌.

له‌به‌شێكی تردا رایگه‌یاند، داواكارن له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و دارایی حكومه‌تی هه‌رێم پێش ده‌ستپێكردنی خوێندنی ساڵی نوێ كێشه‌ی مامۆستایانی وانه‌بێژ به‌ دامه‌زراندن چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ دامه‌زراندن ئه‌و گرێیه‌یه‌ كه‌ هه‌موو گرێ بچوكه‌كانی مامۆستایانی وانه‌بێژ ده‌كاته‌وه‌.