لە پورتوگال و ئیسپانیا هەزار و 700 کەس بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

- لە کیشوەری ئەورووپا زۆرترین حاڵەتی مردن، بەهۆی کاریگەریی شەپۆلی گەرما لە پورتوگال و ئیسپانیا تۆمارکراوە.

حاڵەتی مردن بەهۆی کاریگەریی شەپۆلەکانی گەرما لە ئەورووپا و بەتایبەت لە ئیسپانیا و پورتوگال بەردەوامە.

بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان لە چەند رۆژی رابردوودا، پلەکانی گەرما لە زۆرێک لە ناوچەکانی کیشوەرەکە بۆ سەرووی ٤٠ پلە بەرزبوونەتەوە.

لە کاتێکدا بەهۆی گەرما لە ئیسپانیا و پورتوگال و فەڕەنسا زەنگی ئاگاداری لێدراوە، دەسەڵاتداران هۆشداری دەدەن بە خەڵک.

بەپێی ئەو داتایانەی کە لەلایەن دەزگای کەشناسیی ئیسپانیاوە بڵاوکراوەتەوە، لەماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا، ٦٧٨ کەس لەو وڵاتە بەهۆی گەرمای هاوینەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە پورتوگال لە حەوت تا ١٨ی تەمووز، هەزار و ٦٥ کەس بە هەمان هۆکار گیانیان لەدەستداوە، بەم شێوەیە لە ماوەی ١٠ رۆژدا، زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ کەس تەنها لە دوو وڵاتی ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە.

دوێنێ وەزارەتی تەندروستیی فەڕەنسا بڵاوی کردەوە کە دوو حاڵەتی مردن لەکاتی کارکردندا لە ناوچەکانی بریتانی و ئۆکستانی تۆمارکراوە کە رەنگە پەیوەندی بە گەرمای زۆرەوە هەبێت.

هەروەها لە بەریتانیا کە پلەکانی گەرما بە تێپەڕاندنی ٤٠ پلە، گەیشتە بەرزترین ئاست لە مێژووی وڵاتەکەدا لە ماوەی رابردوودا، ١٣ کەس لەکاتی چوونە ناو ئاودا بۆ خۆفێنککردنەوە خنکان.