دیجیتال میدیای سپێده
پارێزگاری ههولێر له بڵاوكراوهیهكدا رایدهگهیهنێت، پڕۆژەى ئاوى ئیفرازسێ کە لەساڵى 2006 بەبێ وەستان تاکو ئەمرۆ کاردەکات دواى ئەم هەموو ساڵە کارکردنى، هۆکارى سەرەکى شکانى یەک لەدواى یەکى بۆڕییەکەى، بەسەرچوونى ماوەکەیەتى.
دهقی روونكردنهوهكه:
سەبارەت بە شکانى بۆڕى ئاوى ئیفرازسێ کە ماوە ماوە دەشکێ و دەبێتە هۆى ئەوەى لە40% گەڕەکەکانى شارى هەولێر بێ ئاوبێت، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵى 2004 وە لەزێى گەورە بۆ ناوشارى هەولێر لەلایەن ئەمریکاوە دەستیپێکراوەو تەواوى جێبەجێکردنى پڕۆژەکەش لەئەستۆى ئەوان دابووە، تەنانەت هەڵبژاردنى جۆرى بۆڕى ئاوەکەش هەر لەلایەن ئەوانەوە دەستنیشانکراوە کە لەجۆرى (GRP)یە واتە فاپیبەرگڵاس، ئەم جۆرە بۆڕییە ماوەیەکى دیاریکراوى هەیە بۆ کارکردن و لەدواى بەسەرچوونى ماوەکەى بەرگەگرتنى نامێنێت و بەبچووکترین بەرکەوتن دووچارى شکان دەبێت، پڕۆژەى ئاوى ئیفرازسێ کە لەساڵى 2006 بەبێ وەستان تاکو ئەمرۆ کاردەکات دواى ئەم هەموو ساڵە کارکردنى، هۆکارى سەرەکى شکانى یەک لەدواى یەکى بۆڕییەکەى، بەسەرچوونى ماوەکەیەتى.
دواى دواکاریمان لەسەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ گۆڕنى بۆڕیی ئاوى ئیفراز سێ کە درێژییەکەى (11)کم و بودجەى پێویست بۆى زیاتر لە (20) ملیاردینارى عێراقیە، بەسوپاسەوە لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندیمان وەرگرتووە بۆ گۆڕینى بۆڕییەکە، لەم ڕۆژانەش ڕێزدار سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆخۆى بەدواداچوونى بۆ ئەم پرسە کردووە و لەگەڵمان لەسەر هێڵ بووە و فەرمانى پێکردووین بەپەلە چارەسەرى ئەم گرفتە بکرێت و دەستبکرێت بە پڕۆسەى گۆڕینى بۆڕییەکە، لەهەفتەى ڕابردووش لەپارێزگاى هەولێر بۆ بەدواچوون و بەپەلە چارەسەرکردنى کێشەى شکانى بۆڕی ئاوى ئیفرازسێ لیژنەیەکى تایبەتمان پێکهێناوە، لەئێستاشدا وەک قۆناغى یەکەم ئەو شوێنەى کە لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا بەهۆى پاڵەپەستۆى زۆرى وێستگەکان بۆتە هۆى شکانى بۆڕییەکە بۆ چەند جارێک لەسەر یەک، بەگوژمەى (5) ملیار دینار لەم نزیکانە دەستدەکرێت بە گۆڕینى بۆڕییەکە، کە چارەسەرى لە 85%ى کێشەکان لەو شوێنەدایە.
دڵنییاى هاوڵاتییانى خۆشەویستى شارەکەمان دەکەینەوە، وەکو پارێزگاى هەولێر لەپێناو نەهێڵان و چارەسەرکردنى یەکجارەکى ئەم کێشەیە، هەموو هەوڵێکى خۆمان خستۆتەگەڕ و پاڵپشتى و پشتیوانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمان لەوبارەیەوە هەیە، بۆیە جارێکى تر تکا و داواکاریمان لە هاوڵاتییانى شارەکەمان هەیە سەڕەراى ئەو گرفتە تەکنیکیانەى کە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا وەک پێشتر ڕامانگەیاندبوو هاوینى ئەمساڵ لەدۆخێکى سەختى ووشکەساڵى داین، بۆیە هاوکاربوونى ئێوە لەبەفیڕۆنەدان و کەم خەرجکردنى ئاو، هۆکارێکى سەرەکى دەبێت بۆ تێپەڕاندنى ئەو دۆخە سەختە و چارەسەریەکان.
ئومێد خۆشناو
پارێزگارى هەولێر
2022.7.22