سەرۆکی ئۆکرانیا: ئەنجامەکانی گەشتی خانمی یەکەمی ئۆکرانیا بۆ واشنتۆن بەدی دێن

دوا نوێکردنەوە: 2022-07-22 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێکی ڕۆژانەی خۆیدا ڕایگەیاند، ئەنجامی گەشتەکەی خانمی یەکەمی ئۆکرانیا بۆ واشنتۆن بەدی دێت. زێلێنسکی گوتیشی سیناتۆرەکانی ئەمەریکا جەیمس ریش، بنیامین کاردین، ڕۆجەر ویکەر، ڕیچارد بلومینساڵ، ڕاب پۆرتمان، جین شەهین و لیندسی گراهام ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان پێشکەش کردووە سەبارەت بە ناساندنی کارەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا وەک جینۆساید. زێلێنسکی گوتیشی "بەپێی ڕەشنووسی بەڵگەنامەکە، ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا سەرکۆنەی ڕووسیا دەکات بەهۆی ئەنجامدانی کردەوەی جینۆساید دژی خەڵکی ئۆکرانیا؛ داوا لە ئەمەریکا دەکات لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا پشتگیری لە حکومەتی ئۆکرانیا بکەن بۆ ڕێگریکردن لە کردەوەی زیاتری جینۆسایدی ڕووسیا دژ بە گەلی ئۆکرانیا؛ پشتگیری لە دادگاکان و لێکۆڵینەوە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ لێپرسینەوە لە سەرکردە سیاسییەکان و کارمەندانی سەربازی ڕووسیا لە تاوانەکانی جەنگ، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید." زێلێنسکی گوتیشی "لەگەڵ هەموو هێرشە تیرۆریستییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینییەکان و وڵاتەکەمان، ڕووسیا تەنیا گۆڕ بۆخۆی هەڵدەکەنێت." لەلایەکی دیکەوە زێلێنسکی دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکانی و ستافەکەی هەر لەو ڕۆژەدا ڕایگەیاند؛ "ئێمە توانستێکی بەرچاومان هەیە بۆ پێشڕەوی هێزەکانمان لە بەرەکانی جەنگەکەدا و بۆ گەیاندنی زیانێکی بەرچاوی دیکە بە داگیرکەران. " بەڵام هێزەکانی ڕووسیا جارێکی دیکە بە هێرشی دوور مەودا شارەکانی ئۆکرانیایان داوەتە بەر هێرشی تۆپباران و موشەکباران، تەنها ڕۆژێک دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هۆشداری دا کە مۆسکۆ خۆی ئامادە دەکات بۆ فراوانکردنی جەنگەکەی لە ئۆکرانیا لە دەرەوەی دۆنباس. بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند تۆپبارانەکانی ڕووسیا چەند شار و ناوچەیەکی گرتووەتەوە، لە نێویاندا بازاڕێک لە خارکیڤ کە دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیایە، لە دەرئەنجامدا سێ کەس کوژراون و 23 کەسی دیکەش برینداربوون. ئۆلێگ سینێگوبۆڤ، پارێزگاری هەرێمەکە ڕایگەیاند، یەکێک لە کوژراوەکان منداڵە و پۆلیس و بەرپرسانی دیکەش ڕایانگەیاندووە، هیچ ئامانجێکی سەربازی لە ناوچەکەدا نییە. ئیهور تێرێخۆڤ سەرۆکی شارەوانی شارەکە ڕایگەیاند “سوپای ڕووسیا بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ناوچە ئارامەکانی نیشتەجێبوون لە خارکیڤ تۆپباران دەکات و خەڵکی سڤیل دەکوژرێن."