گۆڕانكاری له‌ سیسته‌می موچه‌دا ده‌كرێت

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

لیژنەی دارایی په‌رله‌مانى عێراق هه‌وڵێكى حکومەت بۆ گۆڕانکاریی لەسیستەمی موچەدا ئاشكرادەکات.

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی له‌پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکدا بۆ "فوڕات نیوز" وردەکاریی پلانی دەستکاریکردنی سیستەمی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتی ئاشکراکردووە کە بەهۆیەوە ئەو جیاوازیە گەورەیەی لەنێوان موچەی وەزارەتێک بۆ وەزارەتێکی تردا هەیە ناهێڵرێت.

وتوشیه‌تى:"خشتەی نوێی موچەی فەرمانبەران یەکسانیی لەنێوان موچەی وەزارەتەکانی حکومەتدا دێنیتە کایەوە، کە ئەمەش چەندین سوودی دەبێت، وەک بەدیهێنانی جۆرێک لەدادپەروەریی لەدابەشکردنی موچەو ئاسانکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی فەرمانبەران لەنێوان وەزارەتەکاندا، ئەوە جگەلەوەی سودی ئابورییشی هەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەکەیان چاوەڕێی ئەوە دەکات کە خشتەی نوێی موچەی بەدەستبگات بۆئەوەی هەڵسەنگاندنی بۆ بکات‌و سەرنجی خۆی لەسەر بدات.

بەوتەی جه‌مال کۆچەر، "ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵیی لەو ڕێگایەوە دەتوانێت موچەخۆری بندیوارو فرەموچەش ئاشکرابکات".

پێنجشەممەى ڕابردوو حەمید غەزی ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، حکومەتی عێراق کار لەسەر هەموارکردنەوەی سیستەمی موچەی فەرمانبەران دەکات، مەبەستیش لەهەموارکردنەوەی سیستەمی موچە دروستکردنی دەرفەتی ڕاستەقینەیە بۆ نزیککردنەوەی موچەی سەرجەم فەرمانبەران‌و بەدیهێنانی دادپەروەریی.