رەئیسی و ماکرۆن دوایین پێشهاتەکانیان تاوتوێ کرد

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی و سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەروەها ئاسایشی خۆراک و وزەیان تاوتوێ کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ماڵپەڕی حکوومەتی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن ئەنجامداوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە سەرکۆماری هەردوو وڵات نزیکەی ١٢٠ خولەک پێکەوە گفتوگۆیان کردووە و دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، پێشهاتەکانی ناوچەکە، ئاسایشی خۆراک و وزە و چەندین بابەتی دیکە دواون.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، رەئیسی باسی لەوە کردووە کە هەماهەنگی ئابووریی و سیاسیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەشێوەیەکی گرنگ گەشەی کردووە، ئاماژەی بەوەش داوە کە سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، زیانی بە ئابووری جیهان و بەتایبەت ئەورووپا گەیاندووە.

سەرکۆماری ئێران، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە لە دەستی گەلان و حکوومەتەکانی ناوچەکەدایە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەستوەردانی دەرەکیی پێچەوانەی ئاسایش و سەقامگیرییە.

ئیبراهیم رەئیسی تیشکیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە دژی پەنابردنە بەر جەنگن بۆ چارەسەری کێشەکان و جەختی لەوەش کردەوە کە ئێران ئامادەیە رۆڵ ببینێت لە کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەکانی ئۆکراینا و چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگای دیالۆگ.

سەرکۆماری ئێران، ئاماژەی بەوەش داوە کە رێگای گەیشتنە رێککەوتن، پەیوەستە بە چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان و پابەندبوونی لایەنەکان بە رێککەوتنەکەوە (رێککەوتنی ئەتۆمی)، باسی لەوەش کردووە کە دابینکردنی دڵنیایی پێویست بە تایبەت لە بواری بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێراندا کاریگەری لەسەر گەیشتنە رێککەوتن دەبێت.

لە بەرامبەریشدا ئیمانوێل ماکرۆن، ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ ئەوەی دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بگەنە ئەنجام.