پەرلەمانی کوردستان: "جارێکی دیکە گرووپە لە یاسا دەرچووە گێرەشێوێنەکان ھێرشیان کردە سەر کێڵگەی کۆرمۆر"

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند کە جارێکی دیکە گرووپە لە یاسا دەرچووە گێرەشێوێنەکان ھێرشیان کردە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و ئاماژەی بەوەیشدا کە ئەرکی حکوومەتی عێراقە بەپەلە ئەنجامدەرانی ھێرشەکە دەستگیربکەن و رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە و ھەموو رێکارێک بگیرێتە بەر بۆ رێگریکردن لەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە لە دووبارەکردنەوەی ئەو جۆرە ھێرشانەدا.

پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی ھێرشەکەی شه‌وی رابردوو بۆسەر کێڵگەی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە " بەداخەوە جارێکی دیکە گرووپە لە یاسا دەرچووە گێرەشێوێنەکان ھێرشیان کردەوە سەر کێڵگەی کۆرمۆر کە ئەوەش درێژکراوەی زنجیرەیەک ھێرشی ترسنۆکانەیە بۆسەر ژێرخانی وزەی ھەرێمی کوردستان کە بەپێی یاسا بەرکارەکان و دەستووری عێراقی بۆ بەرژەوەندی خەڵک فەراھەم کراوە".

راشیگەیاندووە " بە توندی سەرکۆنە ئەو ھێرشانە دەکەین، بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین پابەندییان بە ھەماھەنگییەکانیان لەگەل حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر بکەن، و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لەو ناوچانە دروست بووە پڕ بکەنەوە".

ئاماژەی بەوەیش داوە کە ئەرکی حکوومەتی عێراقە بەپەلە ئەنجامدەرانی ھێرشەکە دەستگیربکەن و رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە و ھەموو رێکارێک بگیرێتە بەر بۆ رێگریکردن لەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە لە دووبارەکردنەوەی ئەو جۆرە ھێرشانە.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە دامەزراوەکانی وزەی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاساکانی کوردستان و لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بنیاتنراون و موڵکی خەڵکی ھەموو عێراقن، و ماف و دەسکەوتی خەڵکی کوردستانن، بۆیە پێویستە پارێزگاری تەواویان لێ بکرێت، بۆ ئەمەیش لێژنەکانی وزە و سامانە سرووشتییەکان، ناوخۆ و پێشمەرگە رادەسپێردرێن تا لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەدواداچوونی ورد بکەن لە ھۆکاری دووبارە بوونەوەی ئەو جۆرە ھێرشانە و چۆنیەتی زامنکردنی زیاتری ئاسایشی دامەزراوەکانی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان.

رۆژی دووشەممە ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٢، بە مووشەک ھێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەم سەربە شارۆچکەی چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ئێستادا، رۆژانە ١٣ ملیۆن مە‌تر سێجا گازی سروشتی بەرھەم دەھێنێت، رۆژانە بڕی ٢٢ ھەزار بەرمیل کۆندێنسەیت بەرھەم دەھێنێت و بەتانکەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی پەمپی خورمەڵە و تێکەڵ بە نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.

حکوومەتی ھەرێم لە نیسانی ٢٠٠٧دا گرێبەستی لەگەڵ ھەردوو کۆمپانیای دانەگاز و کریسنت پتریۆلیۆمی ئیماراتی واژوو کرد و لە ھەمان گرێبەست مافی دەرھێنانی نەوت و گاز لە ھەردوو بلۆکی کۆرمۆر و چەمچەمال دەدات بەو دوو کۆمپانیایە.