شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراقی گەیشتە زاخۆ

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بۆ لێكۆڵینەوەكردن لە هێرشەكەی توركیا و هەڵسەنگاندنی دۆخی سنوورەكان، عێراق شاندێكی باڵای ئەمنیی ناردە زاخۆ.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شممەری بە یاوەری ھەریەک لە یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی سوپا بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان، فەریق روکن قەیس محەمەداوی و فەرماندەی ھێزە وشکانییەکان، فەریق روکن قاسم محەمەدی و فەرماندەی پاسەوانی سنوور، فەریق روکن حامید حوسەینی گەیشتووەتە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

راشیگەیاندووە کە شاندەکە بارەگای لیوای یەکی پاسەوانی سنوور لە ناوچەکە بەسەرکردووەتەوە کە لە میانیدا ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئەمنی سنووریی عێراق-تورکیا دەکات.

ئەمەیش دوای ئەوە دێت رۆژی چوارشەممە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٢، ھێرش کرایە سەر ھاوینەھەوارێک لە گوندێکی سەربە ئیدارەی سەربەخۆ زاخۆ لە پارێزگای دھۆک و لە ئاکامدا، نۆ کەس گیانیان لەدەست دا و ٣٠ دیکەیش بریندار بوون کە سەرجەمیان ھاووڵاتیی عەرەب بوون و لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ھاتبوونە ناوچەکە.