تاڵیبان: "پابەندی بەڵێنەکانمان بووین داوا دەکەین ئەمریکاش بەڵێنەکانی بەجێبگەیەنێت"

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

جێگری وەزیری دەرەوەی حکوومەتە کاتییەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ئەمیرخان موتەقی بە ئاماژەکردن بەوەی تەواوی بەڵێنەکانیان بەجێگەیاندووە، داوای لە ئەمریکا کرد پابەندی بەڵێنەکانی بێت و پارە بلۆککراوەکانی ئەفغانستان ئازاد بکات.

ئەمیرخان موتەقی لە گوتارێکیدا کە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی لەژێر ناوی 'ئەفغانستان: ئاسایش و گەشەپێدانی ئابووریی' پێشکەشی کرد کە لە ئۆزبەکستان بەڕێوەدەچێت، باسی لەوە کرد کە لە ماوەیەکی کورتی وەک ١١ مانگدا لە ئەفغانستان سەرکەوتوو بوون لە دابینکردنی ئاسایش و چالاکی هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت، گەندەڵیان تا خاڵی سفر کەمکردووەتەوە، زانکۆ و قوتابخانەکانیان سەرلەنوێ کردووەتەوە، هەلی کارکردنی ژنانیان رەخساندووە، داوای لێخۆشبوونیان بۆ هەموو رکابەرە سیاسیی و سەربازییەکان دەرکردووە، بۆیەکەمجار لە مێژووی وڵاتدا سیاسەتی سنگفراوانی و لێبووردەییان راگەیاندووە، ٥٠٠ هەزار کەس کە لە سەردەمی حکوومەتەکانی پێشتردا کاریان کردووە بەردەوامن لەسەر کارەکانیان و هیچ کەسێک بەهۆی بۆچوونی سیاسییەوە پشتگوێ نەخراوە و دوورنەخراوەتەوە.

موتەقی باسی لەوەیش کرد کە هێزە ئەمنییەکان دژبە گەل یان وڵاتانی دراوسێ بەکارنەهێناوە و رووی دەمی کردە هەموو ئەو هاووڵاتییانەی وڵاتەکەی کە روو لە دەرەوەی وڵات دەکەن و گوتی: 'ئەفغانستان وڵاتی هەموو ئەفغانستانییەکانە'.

جێگری وەزیری دەرەوەی حکوومەتە کاتییەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان ئاماژەی بەوە کرد کە جەنگی ٢٠ ساڵە و سزاکانی ئەمریکا هۆکاری سەرەکی هەژاریی وڵاتەکەن کە بەشێوەیەکی نەرێنیی کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی خەڵکەکە و حکوومەتی تاڵیبان بەتایبەتی پێشینەی کاری داوە بە گەشەپێدانی ئابووریی ئەفغانستان، لەو چوارچێوەیەشدا بەردەوامن لەسەر هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی ئەفغانستان بکەنە ناوەندی هاریکاریی بازرگانی نێوان هەرێمەکان و گوتی: 'ئەفغانستان کورترین و گونجاوترین رێگایە بۆ بەستنەوەی باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا بەیەکەوە'.

ئەمیرخان موتەقی باسی لەوەیش کرد کە ئەفغانستان نەبووەتە هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی دیکە و هەموو بەڵێنەکانیشیان لەو بارەیەوە بەجێگەیاندووە و گوتی: 'ئێستاش داوا لە ئەمریکا دەکەین هەموو بەڵێنەکانی بەجێبگەیەنێت. ئامادەین لەگەڵ هەموو وڵاتەکاندا پەیوەندی دروست بکەین لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندی بەرامبەری. داوا لە ئەمریکا دەکەین بەبێ هیچ مەرجێک پارە بلۆککراوەکانی ئەفغانستان ئازاد بکات، چونکە ئەوە ئەرێنییانە کاریگەری دەکاتە سەر ژیانی خەڵکی ئەفغانستان'.

جێگری وەزیری دەرەوەی حکوومەتە کاتییەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ئەمیرخان موتەقی هاوکات داوای لە هەموو وڵاتەکان کرد بۆ ئەنجامدانی هاریکاری لەگەڵ ئەفغانستاندا و رایگەیاند 'ئەفغانستان لە رووی جوگرافیاوە پێگەیەکی ستراتیجیی هەیە، هەروەها ژێرخانێکی دەوڵەمەندی هەیە و خاوەن هێزی کاری هەرزانە. داوا لە هەمووان دەکەین لە وڵاتدا وەبەرهێنان بکەن، چونکە ئەوە خزمەت بە سەقامگیری و ئاسایش دەکات لە وڵات و ناوچەکەدا'.

لای خۆیەوە، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان، تۆم وێست ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەی دیالۆگن لەگەڵ تاڵیبان بۆ ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان لەلایەن ئەمریکاوە و گوتی: 'خوازیاری بینینی ئەفغانستانێکی سەقامگیر و پێشکەوتووین. رێگە بدەن با گەل سوودمەند بێت لە هەموو مافەکان'.

تۆم وێست ئاماژەی بە گرنگیی پاراستنی مافەکانی ژنان و منداڵان و کرانەوەی حکوومەت کرد بە رووی هەموواندا و بە پێویستی زانی لە وڵاتدا رێگە بە هاوکارییە مرۆییەکان بدرێت، دەستەبەری ئازادی رادەربڕین و ئازادی بکرێت.

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان، تۆم وێست هەروەها باسی لەوە کرد کە هەرچەندە هەوڵ دەدرێت دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، بەڵام هێشتا هەندێک مەترسی هەن و گوتی: ' نابێت تاڵیبان هەڵەکانی پێشتر دووبارە بکاتەوە. داوا لە تاڵیبان دەکەین بەرپرسیارێتییەکانی بەجێبگەیەنێت'.