داواكاری گشتی داوا ده‌كات ئه‌و ماڵپه‌رانه‌ی گرفتی كۆمه‌لایه‌تی دروست ده‌كه‌ن دابخرێت

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتیی هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێم داوای قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌رجه‌م ئه‌و پێگه‌ و ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنییانه‌ ده‌كات كه‌ به‌كارهێنانیان گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و شیرازه‌ی خێزان ده‌شێوێنن.

یه‌كه‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بڵاو كراوه‌یه‌كدا رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26-7-2022، سه‌رۆكی داواكاری گشتیی هه‌رێمی كوردستان دادوه‌ر كاوه‌ فه‌تحی مه‌عسوم به‌ یاوه‌ری له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆكی داواكاری گشتی و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی راوێژكاری و تاوانی نه‌وجه‌وانان و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئانۆ جه‌وهه‌ر وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن كۆبوونه‌وه‌.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پته‌وكردنی هه‌ماهه‌نگی كرده‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌و پرسانه‌ی كه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ئادابی گشتیی و ئه‌ركی حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ به‌ تایبه‌ت ده‌زگای داواكاری گشتی كه‌ هه‌وڵی پاراستنییان بدات.

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌روو، هه‌ردوولایه‌ن كۆك بوون له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی زیاتر بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌ چونكه‌ به‌گوێره‌ی یاسای داواكاری گشتی كارپێكراو له‌ هه‌رێمی كوردستان؛ پاراستنی خێزان یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ گرنگ و له‌پێشینه‌كانی ده‌زگای داواكاری گشتی‌ له ‌چوارچێوه‌ی پاراستنی ئادابی گشتی، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا؛ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌موو ئه‌و ئامرازه‌ په‌یوه‌ندییانه‌ی كه‌ رێگه‌ بۆ دیارده‌ی له‌شفرۆشی خۆش ده‌كات و هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر توێژی گه‌نجان دروستكردووه‌ و بوه‌ته‌ هۆكاری تێكدانی شیرازه‌ی خێزان و چه‌ندین گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی لێ كه‌وتۆته‌وه‌..

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پێشنیاركرا سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی بواری گه‌یاندن و په‌یوه‌ندیكردن هاوشێوه‌ی تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنی (كۆڕه‌ك تیلیكۆم) و (فاست لینك) و سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی بواری گه‌یاندن پاكێجی خێزانی فه‌راهه‌م بكه‌ن كه‌ رێگری له‌ منداڵان و نه‌وجه‌وانانی خوار ته‌مه‌نی بالغ بوون ده‌كات پێگه‌ و ماڵپه‌ڕه‌ نه‌شیاوه‌كان سه‌یربكه‌ن.