ونبوویەکی کۆڕەوەکە لە گەیلان غەربە

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

رۆژنامەنوس بێستون ژالەیی بلاوی کردوەتەوە كه‌ مەعسومە میربەگی کچێکی کوردی خەڵکی باشوورە بە مەلۆتکەیی لەکاتی کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ لە ئۆردوگای" تەنگەی دیارە" لە گەیلان غەرب لەلایەن سەربازێکی پاسگای ئەوێوە دۆزراوەتەوە.

وتیشی " ئەوکاتە ژنێکی گەیلانی وپیاوێکی کرماشانی مەعسومەیان کردۆتە مناڵی خۆیان و لە کرماشان گەورەیان کردووە، تا مەعسومە ھاوسەرگیری نەکردووە ھیچیان پێ نەوتووە، دوواتر کە بەچیرۆکی خۆی زانیوە زۆر حاڵی خراپ بووە و چەند ساڵێکە تووشی شڵەژان وپەشۆکانی دەروونی بووە ".

ده‌شلێت" ئێستا مەعسومە لیسانسی لە ڕشتەی زمان وئەدەبیاتی فارسیدا ھەیە و دایکی دوو کوڕە و لە گەڵ ھاوسەری لە گەیلان غەرب نیشتەجێن".

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ داواش ده‌كات مەعسومە "كه‌ بەرپرسیارێتی ھەموومانە بەدووای خێزانەکەیدا بگەڕێین، ھەر خێزانێک ئەو کاتە مناڵیان لێ ون بووە دەتوانرێ لە تاران لە ئاژانسی ژنەتیکی ئێران پشکنینی DNA یان بێبەرامبەر بۆ بکرێ لەسەر بەڵێنی دکتۆر تەوەلایی سەرۆکی ئاژانسەکە".

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌" ھەر خێزانێک ونبویەکی ئەو کات وشوێنەیان ھەیە بۆ گەیشتن بەمەعسومە ڕێنوێنیان دەکەین".

وێنەی مناڵی مەعسومه‌ و وێنەی کۆنووسی قانوونی شایەتی سەرباز وسەرۆکی پاسگاکە: