بەغدا.. لاینەگرانی سەدر دژی كاندیدبونی سودانی لەبەردەم ناوچەی سەوز خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

لایه‌نگرانی موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان دژ كاندیدكردنی محه‌مه‌د شیاع سودانی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌ له‌ به‌غدا به‌رده‌وامه‌ و ئه‌مڕۆ هه‌وڵیاندا بچنه‌ ناوچه‌ی سه‌وزه‌وه‌ و له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیشه‌وه‌ چوارده‌وری ناوچه‌ی سه‌وز گه‌مارۆدراوه‌ و رێگری له‌ خۆپیشانده‌ران كرا بچنه‌ ناو ناوچه‌ى سه‌وز.

به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، خۆپیشانده‌ران له‌ناوچه‌ی ته‌حریری به‌غداوه‌ به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وز به‌ڕێكه‌وتن و ده‌یانه‌وێت ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان ببه‌نه‌ ناوچه‌ی سه‌وزه‌وه‌، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیشه‌وه‌ پشتێنه‌یه‌كی ئه‌منی دروستكراوه‌ و رێگری له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كرێت بچنه‌ ناو ناوچه‌ی سه‌وزه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ ئاماژه‌یان به‌وكردووه‌ خۆپیشانده‌ران سورن له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیه‌وه‌ و داواده‌كه‌ن، سودانی له‌ كاندیدكردن بكشێته‌وه‌.

شه‌وى رابردووش له‌ ناوچه‌ى شه‌عب له‌ به‌غدا خۆپیشانده‌ران و لایه‌نگرانى سه‌در چوونه‌ به‌رده‌م نوسینگه‌ى محه‌مه‌د شیاع سودانى و داوایان لێكرد پاشگه‌ز ببێته‌وه‌ له‌ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق.

25ی ئه‌م مانگه‌ دوای ململانێیه‌كی زۆر و تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی 10 مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دواجار لایه‌نه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه‌ زۆرینه‌ی شیعه‌كان پێكده‌هێنن، محه‌مه‌د شیاع سودانیان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كاندید كرد.