دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە تۆڕی میدیایی "CNN" کرد

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند لە بەرنامەیدایە لە دادگا دۆسیە لەسەر ژمارەیەک لە میدیاکان بکاتەوە کە "CNN"یشیان لەنێودایە بەهۆی ئەوەی دەنگۆکانی ناوبراو لەبارەی "ئەنجامدانی فرتوفێڵ لە هەڵبژاردن" رەت دەکەنەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە رێگای پارێزەرەکەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە ئاماژەی بەوە داوە بەهۆی ئەوەی "CNN" دیسانەوە "تۆمەتی هەڵبەستراوی دووبارە" ئاراستەی ترەمپ کردووەتەوە، ترەمپ بە نیازە لە دادگا دۆسیە لەسەر ئەو کەناڵە بکاتەوە و تیایدا هاتووە "هەروەها دۆسیە لەسەر ئەو میدیایانەیش دەکەمەوە کە بە درێژایی پرۆسەی هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ ناویان زڕاندووم و خەڵکیان فریوو داوە. هەرگیز دەستبەرداری تێکۆشان نابم بۆ دەرکەوتنی راستییەکان و داهاتووی وڵاتەکەمان".

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە ٢١ی تەمووز نامەیەکی ٢٨٢ لاپەڕەیی بۆ بەڕێوەبەری باڵای "CNN"، کریس ڵیکت رەوانە کردووە و داوای لێ کردووە ئەو پەخشانە رابگرێت کە بێبنەما و "هەڵە و ناوزڕێنەرن".

دۆناڵد ترەمپ زۆر دەمێکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢٠ کە نەیتوانی ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا فرت و فێڵ کراوە، CNNیش ژمارەیەک هەواڵی بڵاو کردەوە کە ئەو دەنگۆیانەی ترەمپ بە ناڕاست و بێبنەما لەقەڵەم دەدات.

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە لە بەرامبەر سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، جۆ بایدن شکستی هێنا لە هەڵبژاردنەکاندا، ژمارەیەکی زۆر دۆسیەی لەسەر هەڵبژاردنەکە تۆمار کرد کە گوایە فرتوفێڵی تیادا کراوە، بەڵام ئەو دۆسیانەی دۆڕاند.