دیجیتاڵ میدیای سپێده
بەهۆی ئەو لافاوەی ویلایەتی کنتاکی ئەمریکای گرتووەتەوە، هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکەش بێماڵ و حاڵ بوون.
چەند رۆژێکە بارانێکی بەهێز ئەو ویلایەتەی گرتووەتەوە و رووبار و چەمەکان سەرڕێژیان کردووە و بەم هۆیەوە بەشێکی زۆر لە خانوو و شوێنی کارەکان ژێر ئاو کەوتوون.
تیمە فریاگوزارییەکان بۆ رزگارکردنی لێقەوماوان، هێلیکۆپتەر و یەخت بەکار دەهێنن. ژمارەیەک لە پارکەکانیش کراونەتە شوێنی حەوانەوەی ئەو کەسانەی کە ماڵەکانیان ژێرئاو کەوتووە.
فەرمانڕەوای ویلایەتەکە، ئاندی باشیر، دەربارەی لافاوەکە رایگەیاند: "تەنها بە یەک وشە دەڵێین وێرانکەر بوو".
باشیر ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمە ترسناکترین لافاوە تا ئێستا لەو ویلایەتەدا روویدابێت و بەهۆی لافاوەکەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش بێماڵ و حاڵ بوونو له ئێستادا دەستپێکردنی هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی هاوکاریشی بۆ زیانلێکەوتووانی ئەو رووداوە سرووشتییە راگەیاند.