ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: درەنگ یان زوو بارودۆخی ئێستای عێراق هەرێمیش دەگرێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئەمڕۆ شەممە 30-7-2022 لەمیانەی بەشداریكردنی لە چادرگەی بونیادنانی تواناكان كە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند: درەنگ یان زوو بارودۆخی ئێستای عێراق هەرێمیش دەگرێتەوەو بەرپرسانی هەرێم هیچ پلان و بەرنامەیەكیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ڕوداوەكان و دوای ڕوداوەكان دانەناوە، دۆخی عێراق و هەرێم دۆخێكی ئاڵۆزە و جێگەی داخە بەرپرسانی سیاسی پاش دەیان ساڵ لە ئەزموون و خەبات نەیانتوانیوە وەك پێویست مامەڵە لەگەڵ ڕوداوەكان بكەن و ئەوەش نیشانەی شكستی بەرپرسان و ئەو پلان و بەرنامەیە كە دایانناوە، بەرپرسانێك كە نەتوانن خیانەت و ئەمانەت لەیەك جیابكەنەوە چۆن دەتوانن حكومڕانی بكەن و ئەگەر بارودۆخ لە عێراق تێكبچێت، لەبەرپرسانی هەرێم و هاوڵاتیانی هەرێمیش تێكدەچێت، بۆیە پێویستە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ڕوداوەكانی عێراقدا بكرێت.

لەبەشێكی تری ووتەكانیدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو جارێكی دیكە هۆشیاریدا لە ئەگەری گۆڕانكاری و لابردنی پەروەردەی ئیسلامی و ڕایگەیاند: بابەتی دەستكاریكردنی پەروەردەی ئیسلامی پیلانێكی جیهانیەو لەمێژەوە كاری بۆ دەكرێت، دەستكاریكردنی پەروەردەی ئیسلامی زوڵم و ستەمە لە كۆمەڵگەی كوردی و مێژووی كورد، كۆمەڵگەی كوردی پەروەردەیەكی ڕەسەنی ئیسلامی دەوێت.

لەكۆتایی وتەكانیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو داوای لە مامۆستایان كرد هەموو هەوڵ و تواناكانیان بۆ پەروەردەو پێگەیاندنی نەوەیەكی تەندروست بخەنەگەڕ، ڕاستە مامۆستایان وەك زۆربەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە ستەمی بێ مووچەییان بەرانبەر دەكرێت لەلایەن دەسەڵات و حكومەتی هەرێمەوە، بەڵام ناكرێت مامۆستایانیش ستەم لە قوتابیان بكەن بەتەمەڵیكردن لە خزمەتكردن بەو توێژە كە ئەوان بێتاوانن، چونكە هەوڵ و پلانی زۆر بۆ بەلاڕێدابردنی گەنجان و لاوان هەیە، ئەوەش ئەركی مامۆستایان بەتایبەت مامۆستایانی یەكگرتوو قورستر دەكات، بۆیە پێویستە میكانیزم و پلانی گونجاو نوێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تەحەدییەكانی بەردەم پەروەردەی لاوان دابنێن.