دیجیتال میدیای سپێدە
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی هەواڵگریی ئێران، ئەوە سەلمێندراوە کە ئەو هاووڵاتییە سویدییە سەردانی ئێرانی کردووە و چالاکی هەواڵگریی لەو وڵاتەدا ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ئەو هاووڵاتییە سویدییە پێشتریش سەردانی ئێرانی کردووە و هەندێک هەڵسوکەوتی گوماناوی هەبووە، بەهۆی پەیوەندییەکانیشییەوە خراوەتە لیستی ئەو گومانلێکراوانەی کاری سیخوڕی دەکەن.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو گومانلێکراوە بۆ زانینی رەوشی سیخوڕێکی ئەورووپی و چۆنییەتی دەستگیرکردنی، چەند مانگێک بەر لە ئێستا چووەتە ئێران، کاتێکیش ویستویەتی ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت بە فەرمانی داواکاری گشتی، لەلایەن یەکەکانی هەواڵگرییەوە، دەستگیر کراوە.
لە راگەیەنداوەکەی وەزارەتی هەواڵگریی ئێران، باس لەوەش کراوە کە ئەو هاووڵاتییە سویدییە لە سەردانەکانی پێشوویدا بۆ ئێران لەژێر چاودێریدا بووە و چاوی بە چەند کەسێکی گومانلێکراو کەوتووە.
ئەوەی جێگای سەرنجە کە دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتییە سویدییە لە کاتێکدایە کە رۆژی ١٤ی تەمووز، لە وڵاتی سوید دادگا بە تۆمەتی "تاوانی جەنگ" و "کوشتنی بە مەبەست" سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر هاووڵاتی ئێرانی، حەمید نووریدا سەپاند، کە پێشتر لە ئێران جێگری داواکاری گشتی بووە و بە تۆمەتی رۆڵبینین لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی ساڵی ١٩٨٨دا لە سوید دادگایی کراوە.
دەربارەی ئەم بابەتەش وەزارەتی دەرەوەی ئێران، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا بڕیارەکەی دادگای سویدی بە "پێچەوانەی یاسا و بڕیارێکی سیاسی" ناوبرد و نوێنەری سویدی لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هۆشداری ئەوەشی دا کە ئەم بڕیارە کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تاران-ستۆکهۆڵم، دەبێت.