وەزارەتی تەندروستیی عێراق: "ژمارەی بریندارانی خۆپیشاندانەکەی بەغدا بۆ 125 کەس بەرزبوویەوە"

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێدە

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، "ژمارەی بریندارانی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ بەغدای پایتەخت بۆ 125 بریندار بەزربوویەوە کە 100 یان مەدەنی و 25 یان لە هێزە ئەمنییەکانن".

لەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە "دامەزراوە تەندروستییەکانی سەربە وەزارەتەکە پێشوازییان لە 125 بریندار کردووە کە 100 یان مەدەنی و 25 یان لە هێزە ئەمنییەکانن".

ئەمڕۆ شەممە لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر لە دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بۆ جاری دووەم لە ماوەی هەفتەیەکدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و چوونە ناو ناوچەی سەوز و هەڵیانکوتایە سەر ئەنجوومەنی نوێنەران.

هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێشکڕێژ، بۆمبی دەنگیی و ئاوی قەتیسکراویان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر برینداربوون.

پێشتر وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغدا، 60 خۆپیشاندەر برینداربوونە کە برینی شەشیان سەختە.

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرجەم کارمەند و دامەزراوە تەندروستییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی برینداران و پێشکەشکردنی سەرجەم رێککارە تەندروستییە پێویستەکان.