یەکێتیی ئەورووپا: "لەبارەی ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان لە بەغدا ھەست بە نیگەرانیی دەکەین"

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-31 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق ھۆشداری دا لەبارەی ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان لە بەغدا و داوایشی لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد کە بە گفتوگۆ کێشە و ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن.

نێردەی یەکێتیی ئەورووپا راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی شاری بەغدا بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان لە بەغدا ھەست بە نیگەرانیی دەکات، داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین لە پێناو بەرگرتن لە زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان، دان بەخۆیاندا بگرن".

ھەروەھا راشیگەیاندووە "داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەین کە بە گفتوگۆی سیاسی بنیاتنەر لەچوارچێوەی دەستووردا، کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن".

نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق جەختیشی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین لەچوارچێوەی پڕۆسەی دیموکراتییدا، مافێکی راوەیە، بەڵام پێویستە رێز لە یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەت بگیرێت.

ــ پەیامی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لەبارەی خۆپیشاندانەکانی بەغدا

پێشتریش باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی بەغدا بڵاوکردبوویەوە و تیایدا ھاتبوو "لەنزیکەوە چاودێری ئاڵۆزییەکانی بەغدا دەکەین".

باڵیۆزخانەی ئەمریکا نیگەرانی خۆشی نیشاندابوو لەبارەی ئەوەی کە لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا گرژی و ئاڵۆزی روویداوە و رایگەیاندبوو "مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانە و ئازادیی رادەربڕین لە دەستووری عێراقدا چەسێێندراوە. داوایش لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە دان بەخۆیاندا بگرن و ناکۆکییە سیاسییەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن".

ھەروەھا دوێنێ شەممە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی بەغدا بڵاوکردبوویەوە و رایگەیاندبوو، گرژییەکانی ئێستا لە عێراق، مایەی نیگەرانییەوە و داوایشی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد کە رەوشەکە ھێور بکەنەوە.

دوێنێ شەممە ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٢، بۆ جاری دووەم لایەنگرانی رەوتی سەدر دژبە کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و چوونە ناو ناوچەی سەوز و ھەڵیانکوتایە سەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستیان بە مانگرتن کرد کە تا ئێستا بەردەوامە.