وەزارەتی هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات)، دەستگیرکردنی ھاووڵاتییەکی سویدیی بەتۆمەتی "سیخوڕیکردن" راگەیاند.
وەزارەتی هەواڵگریی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە گومانلێکراوەکە لە ماوەکانی رابردوودا لە میانی ئەنجامدانی زنجیرەیەک سەردان بۆ ئێران، خرابووە ژێر چاودێرییەوە و دواتر بەتۆمەتی ئەوەی ھەڵسەکەوت و پەیوەندییەکانی، ھەروەھا سەردانەکانی بۆ ئەو شارانەی ئێران کە گەشتیاران سەردانی ناکەن، جێگای گومان بووە، دەستگیرکراوە.
راشیگەیاندووە کە دەستگیرکراوەکە بەم دواییانە سەردانی ئێرانی کردووە، بۆ ئەوەی زانیاری لەبارەی سیخوڕێکی دیکەی ئەورووپایی کە بەم دواییانە لە ئێران دەستگیرکراوە، بەدەست بھێنێت.
ئەوەیش دوای ئەوە دێت کە لە میانی ئەم مانگانەی دواییدا، ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتیی وڵاتانی ئەورووپا کە ھەڵگریی دوو رەگەزنامەن، بەتۆمەتی جیاجیا لە ئێران دەستگیرکراون.
لە ئایاری رابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی سوید رایگەیاندبوو کە ھاووڵاتییەکیان لە ئێران دەستگیرکراوە.
دوای ئەوەی بەرپرسێکی پێشووی دادوەریی ئێران لە سوید بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی کەسانی سەربە ئۆپۆزسیۆن لە کۆتایی ھەشتاکانی سەدەی رابردوودا دادگایی کرا، گرژییەکانی نێوان تاران و ستۆکھۆڵم زیاتر بووە.
ئەو ھاووڵاتییە سویدییەی کە لە ئێران بەتۆمەتی "سیخوڕیکردن" دەستگیرکراوە لە دۆسیەکەیدا ئاماژە دراوە کە بەرلەوەی سەردانی ئێران بکات، سەردانی زەوییە داگیرکراوەکان (فەڵەستین)ی کردووە.