بارەگای سەرەکی کەشتیگەلی رووسیا لە دەریای رەش کرایە ئامانج

دوایین نوێکردنەوە 2022-07-31 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

کەشتیگەلی رووسیا لە دەریای رەش رایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە بارەگا سەرەکییەکەی تەقییوەتەوە و لە ئاکامدا، شەش مەدەنی برینداربوون.

بەرپرسانی رووسیا رایانگەیاندووە کە تەقینەوەیەک لە بارەگای سەرەکیی کەشتیگەلی رووسیا لە شاری سێڤاستۆپۆل سەربە دوورگەی کریمیا روویداوە کە بەھۆیەوە بەشدارییکردنی کەشتیگەلییەکە لە ئاھەنگییەکانی ساڵڕۆژی دەریایی رووسیا ھەڵوەشێندراوەتەوە کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین تیایدا بەشداری دەکات.

بەپێی ئاژانسی ھەواڵیی ئەسۆشێتید پرێس، بەشی راگەیاندن سەربە کەشتیگەلی رووسیا رایگەیاندووە، ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەی کە تەقییوەتەوە، دروستکراوی ناوخۆ بووە.

لای خۆیەوە سەرۆکی شارەوانیی شاری سێڤاستۆپۆل، میخائیل رازڤۆچیڤ لە کەناڵی خۆی لە تیلیگرام بڵاوی کردەوە کە لە ئاکامی تەقینەوەکە، شەش مەدەنی برینداربوون.

تا ئێستا ھیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو شوێنەی کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەی لێوەی ئاراستەکراوە، بڵاونەکراوەتەوە.