گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ رایگەیاند کە پڕۆسەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی دانەوێڵە لە بەندەری ئۆدیسا باشووری ئۆکراینا، کارێکی زۆر ئەرێنییە.
میدیاکانی رووسیا بڵاویان کردەوە، دمیتری پێسکۆڤ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، بەڕێ کەوتنی یەکەم کەشتی کە بە دانەوێڵە بارکراوە لە ئۆکرایناوە، کارێکی زۆر ئەرێنییە و دەرفەتێکی نوێیە بۆ تاقیکردنەوەی ئەو میکانیزمانەی کە لە میانی دانوستانەکاندا لە ئیستانبوڵ رێککەوتنیان لەسەر کراوە.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاندبوو لە میانی رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵەدا، سبەی یەکەمین کەشتی کە لە بەندەری ئۆدیساوە بەڕێ کەوتووە، دەگاتە ئیستانبوڵ.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ھەروەھا راشیگەیاندبوو "کەشتییەک بە ناوی رازۆنی بەمەبەستی گەیشتن بە بەندەری تەرابلوس باکووری لوبنان لە ئۆدیساوە بەڕێ کەوتووە و چاوەڕوان دەکرێت کەشتییەکە دووی ئاب بگاتە ئیستانبوڵ، دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆ کەشتییەکە لە ئیستانبوڵ، بەردەوام دەبێت لە رۆیشتنەکەی".
لە ٢٢ی تەمووزی رابردوودا، بەچاودێری هەریەک لە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێریس لە رێورەسمێکدا، بەڵگەنامەیەکی دەستپێخشەریی بۆ ھەناردەکردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکراینا لەنێوان تورکیا، رووسیا، ئۆکراینا و نەتەوە یەکگرتووەکان واژووکرا.
لە رێککەوتننامەکەدا، پاراستنی ھەناردەکردنی دانەوێڵە کە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە دەریای رەش گیریان خواردووە لە رۆژھەڵاتی ئەورووپاوە بۆ جیھان دەستەبەرکراوە.