ئێران: "توانامان ھەیە بۆمبی ئەتۆمی بەرھەم بھێنین"

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، محەمەد ئیسلامی رایگەیاند، وڵاتەکەی توانای تەکنیکی ھەیە بۆ بەرھەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، بەڵام پلانی نییە ئەو کارە بکات.

ئاژانسی ھەواڵیی فارس بڵاوی کردەوە کە محەمەد ئیسلامی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، ئێران توانای تەکنیکی ھەیە بۆمبی ئەتۆمی بەرھەم بھێنێت، بەڵام نیاز و پلانی نییە ئەو کارە بکات.

باسی لەوەش کردووە کە پەیوەندییەکانی نێوان رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەردەوامە و نەپچڕاوە و گوتی: "لەوبارەیەوە ئێران لەسەر بنەمای بەندەکانی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی و لەژێر سەرپەرشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، کارەکانی ئەنجامداوە".

محەمەد ئیسلامی رەتی کردەوە لەچوارچێوەی دانوستانەکانی ئێستا کە بەئامانجی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئەنجام دەدرێن، ئێران فشار لەسەر زلھێزەکان دروست بکات.

ماوەی چەندین مانگە دیپلۆماتکارانی ئێران، ئەمریکا، چین، رووسیا، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە شاری ڤیەننا پایتەختی نەمسا لەبارەی گرێبەستێک گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی تاران دووبارە پابەند بکرێت بە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئەوەیش لەبەرامبەر ھەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران.

لە ئایاری ٢٠١٨دا سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوەی کشانەوەی واشنتۆنی لە رێککەوتنی ئەتۆمی راگەیاند، جارێکی دیکە سزای ئابووریی بەسەر ئێراندا سەپاند.

ئاماژە بەوە دەکرێت کە تا ئێستا ئێران بەکردەیی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە ٦٠ لەسەدا کە ئەوەیش لە رێژەی ٣،٦٧ لەسەدا بەرزترە کە لەچوارچێوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥دا، جێگیرکرابوو.

یۆرانیۆمی پیتێنراو بەڕێژەی٩٠ لەسەدا گونجاوە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.