دیجیتاڵ میدیای سپێده
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ٣٧ کەس بەهۆی کۆلێراوە لە سۆماڵ گیانیان لەدەستداوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راپۆرتێکدا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە لە کانوونی دووەم بۆ حوزەیرانی ئەمساڵ، هەشت هەزار و ٤١ حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا لە سۆماڵ تۆمار کراون و ٣٧ تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
سەرنجیش خراوەتە سەر ئەوە کە نزیکەی لەسەدا ٥٤ی تووشبووان منداڵی خوار تەمەن دوو ساڵەن. باس لەوەش کراوە کە لەسەدا ٤٩ی تووشبووان لە رەگەزی مێن کە لەسەدا ٢٨یان بەشێوەیەکی جیددی تووشی تینوومانەوە بوونەتەوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نووسیوویشیەتی "تەنها لەسەدا ٥٢ی دانیشتوانی سۆماڵ دەستیان بە ئاوی پاک بۆ خواردنەوە دەگات و ئەو وشکەساڵییەی سۆماڵی گرتووەتەوە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، هەوڵی دوورکەوتنەوە لەو ئاوە دەدرێت کە بە کۆمەڵ بەکار دەهێندرێت و دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی نەخۆشییە گوازراوەکان".
دوای ئەوەی لە ٢٠١٧ لە سۆماڵ راگەیەندرا کە ٧٨ هەزار و ٨٦٥ کەس تووشی کۆلێرا بوون و هەزار و ١٦٠ تووشبووش گیانیان لەدەست دا، بۆ یەکەمجار دەست کرا بە بەکارهێنانی ڤاکسینی دژەکۆلێرا.
مانگی رابردوو حکوومەتی سۆماڵ و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، چوار هەزار و ٩٨٤ کارمەندی تەندروستییان ئەرکدار کرد و ٨٩٧ هەزار و ٨٦ کەسیان ڤاکسین کرد لە کۆی ئەو ٩٣٤ هەزار و ٥١١ کەسەی بڕیارە ڤاکسینیان بۆ بەکار بهێندرێت.