كازمی: ئەگەر ژیرەكان دەستوەردان لەدۆخی ئێستای عێراق نەكەن لێكەوتەی ترسناكی لێدەكەوێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سه‌رۆكوه‌زیران وفه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، رایگه‌یاند: عێراق گرژی سیاسی گه‌وره‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ئه‌گه‌ر ژیره‌كان ده‌ستوه‌ردان نه‌كه‌ن، لێكه‌وته‌ی ترسناكی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

له‌راگه‌یاندراوێكدا، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌باره‌ی ره‌وشی وڵات وخۆپیشاندانه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وز له‌به‌غدا، ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌: وێرای گرتنه‌به‌ری هه‌موو رێككار و رێوشوێنێكی پێویست بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخه‌كه‌ وپاراستنی ئاسایش و رێگریكردن له‌خوێنڕشتنی عێراقییه‌كان، داوا له‌هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین ئارام ببنه‌وه‌ وگرژییه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه‌ له‌پێناو ده‌ستپێكردنی ده‌ستپێشخه‌ریی بۆ چاره‌سه‌ركردن له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتمانی.

كازمی وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌ناكۆكی ویه‌كتر تۆمه‌تباركردنه‌كانی نێوان ره‌وتی سه‌در وچوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، رایگه‌یاندووه‌: داوا له‌هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م په‌نا بۆ تۆمه‌تباركردن و زمانی ته‌خوینكردن وهه‌ڵگیرسانی دوژمنایه‌تی و رق له‌نێوان برایان له‌یه‌ك نیشتماندا نه‌به‌ن.

هه‌روه‌ها كازمى داوای گفتوگۆ ودیالۆگی نیشتمانی له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ده‌كات و رایگه‌یاندووه‌: بانگهێشتی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌كه‌م بۆ دانیشتن له‌سه‌ر مێزی دیالۆگێكی نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌رێكی سیاسی بۆ قه‌یرانی ئێستا، له‌ژێر چه‌تری عێراق ومیكانیزمه‌كانی دیالۆگی نیشتمانی.

كازمی داواشى له‌خۆپیشانده‌ران كردووه‌: په‌یامه‌كه‌تان روونه‌ وپابه‌ندبوونتان به‌هێوربوون و رێكخستنه‌وه‌ ئه‌ركێكه‌ ومایه‌ی پێزانینه‌.