دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرکۆماری فەڕەنسا لەبارەی رەوشی ئێستای عێراقەوە ئاشكرایكرد، ھەست بە نیگەرانییەکی قوڵ دەکات و بە گرنگی زانیوە کە رەوشەکە ھێوربکرێتەوە و لایەنە سیاسییەکان دان بەخۆدابگرن.
ئیمانوێل ماكرۆن سەرکۆماری فەڕەنسا لە تویتێکدا لەبارەی رەوشی ئێستای عێراقەوە نووسیویەتی: "لەبارەی رەوشی عێراقەوە ھەست بە نیگەرانییەکی قوڵ دەکەم و گرنگە رەوشەکە ھێوربکرێتەوە، ھەروەھا لایەنە سیاسییەکان دان بەخۆدا بگرن".
راشیگەیاندووە: "هاوڕام لەگەڵ بانگەوازەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەبارەی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەپێناو ھێنانەدی خواستی عێراقییەکان".
دوێنێ دووشەممە یەکی ئابی 2022 سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر و لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە بەغدا، داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ھەنووکهییەکە گفتوگۆی نیشتمانی ئەنجام بدەن و رایگەیاندبوو: "بانگھێشتی سەرجەم لایەنەکان دەکەین لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و دیالۆگێکی نیشتمانیی ئەنجام بدەن بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئێستا".
دوێنێ لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە دەورووبەری ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان دژبە لایەنگرانی رەوتی سەدر ئەنجامدا.
ئەوەیش لە کاتێکدابوو کە خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، دژبە کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، بەردەوامە.