سه‌ركرده‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی یاسا: ره‌نگه‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ببرێته‌ هه‌ولێر یان سلێمانی

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سه‌ركرده‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بینای په‌رله‌مانی عێراق له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی ڕه‌وتی سه‌دره‌وه‌ كونترۆڵكراوه‌، بۆیه‌ پێشنیاركراوه‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ببرێته‌ هه‌ولێر یان سلێمانی.

سه‌عد مه‌تڵه‌بی بۆ ده‌نگى ئه‌مریكا وتى: "بینای ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان داگیركراوه‌ و ناهێڵن دانیشتن بۆ ته‌واوكردنی مافه‌ ده‌ستورییه‌كان ئه‌نجامبدرێت، بۆیه‌ دۆخی عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ بنبه‌ست."

سه‌عد مه‌تڵه‌بی روونیشیكرده‌وه‌، به‌پێی ده‌ستور و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانیش، له‌ حاڵه‌تی روودانی بارودۆخی كتوپڕدا، په‌رله‌مان ده‌توانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی بینای په‌رله‌مان و له‌جێگه‌ی تر كۆببێته‌وه‌.

سه‌ركرده‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا گوتی: "محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ له‌لایه‌ن هه‌موو هێزه‌كانی نێو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیه‌وه‌، كوردو سوننه‌ش پێی رازین، به‌ڵام ره‌وتی سه‌در هیچ كاندیدێكی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییان قه‌بوڵ نییه‌".

ده‌رباره‌ی رای چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌نێوان ره‌وتی سه‌در و پارتی و عه‌ره‌بی سوننه‌، سه‌عد مه‌تڵه‌بی گوتی: "ره‌نگه‌ هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت له‌نێوانیان، به‌ڵام هه‌ڵوێستی فه‌رمی حه‌لبوسی ئه‌وه‌یه‌ رازییه‌ له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، برایانی كوردیش گه‌ر رێكبكه‌ون له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆك كۆمار، لارییان نیه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان، بۆیه‌ گه‌ر راوێژ و هه‌ماهه‌نگیش هه‌بێت له‌نێوان سه‌در و كورد و سوننه‌ ئاساییه‌، چونكه‌ لێدوانی فه‌رمییان ئاماژه‌یه‌ بۆ پشتگیری كردنیان بۆ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان."

سه‌عد مه‌تڵه‌بی گوتیشی: "هه‌موو وڵاتان دژی شه‌ڕی ناوخۆیین، بۆیه‌ ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ لاوازه‌."