لە سایەی ئەو گرژییەی لەگەڵ چین لە ئارادایە، سوپاکانی ئەمریکا و ئیندۆنێزیا لە دوورگەی سوماترا مانۆڕی جەنگیی هاوبەش ساز دەکەن کە بۆ یەکەمجارە دەستەبەری بەشداری وڵاتانی دیکەش دەکرێت تیایدا.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە جاکارتا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو مانۆڕانە بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە سیاسەتی ئازادی و کراوەیی زەریای هیندی و زەریای هێمن و لە پێناو پێکەوە کارکردن، توانا، ئارامی و هەریکاریی داڕێژراوە.
فەرماندەی سوپای ئەمریکا لە زەریای هێمن، جەنەراڵ چارلێس فلین لە لێدوانێکیدا رایگەیاند 'ئەوە هێمای پەرەسەندنی پەیوەندی ئەمریکا-ئیندۆنێزیایە لەنێوان هێزە وشکانییەکاندا لەم ناوچە گرنگەدا. چونکە هێزە وشکانییەکان ئەو بەستەرەیە کە پەیکەربەندی ئاسایشی ناوچەکە، بەیەکەوە دەبەستێتەوە'.
مانۆڕەکە کە بە بەشداری زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی سوپاکانی ئەمریکا، ئیندۆنێزیا، ئوسترالیا، ژاپۆن و سینگاپور بەڕێوەدەچێت لە ٢٠٠٩ەوە تا ئێستا، گەورەترین مانۆڕە لە زەریای هیندی و زەریای هێمن ئەنجام بدرێت.
فەرماندەی سوپای ئەمریکا لە زەریای هێمن، جەنەراڵ چارلێس فلین و جەنەراڵ ئاندیکا پێرکاسا لە سوپای ئیندۆنێزیا لە رێوڕەسمێکدا لە ناوچەی باتوراجا سەربە ویلایەتی باشووری سوماترا دەست پێ کردنی مانۆڕە هاوبەشەکەیان راگەیاند.
مانۆڕە هاوبەشەکە کە سوپا، هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانیی تیایدا بەشدار دەبن، تا ١٤ی ئاب بەردەوام دەبن