باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا: "سەرجەم لایەنەکان هان دەدەین رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن"

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسکی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق هان دەدەین کە رێککەوتنی شنگال و یاسای رزگاربووانی کوردانی ئێزدی جێبەجێ بکەن.

ئالینا رۆمانۆسکی لە ھەشتەمین ساڵیادی کارەساتی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، تویتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیوویەتی "ئەمڕۆ، دەچینە پاڵ کۆمەڵگای ئێزدی بۆ یادکردنەوەی ئەو کەسانەی کە بێسەرێوشوێن بوون، هەروەها ئەو کەسانەیش کە لە جینۆسایدەکەی داعش رزگاریان بووە".

راشیگەیاندووە "پاپەندبوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە داعش جارێکی دیکە ھەرگیز ناتوانێت ئایدۆلۆجیا پڕ لە رق و کینەکەی دووبارە بسەپێنێتەوە".

باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسکی ھەروەھا نووسیوویەتی "سەرجەم لایەنەکان هان دەدەین رێککەوتنی شنگال و یاسای رزگاربووانی کوردانی ئێزدی جێبەجێ بکەن".

رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤دا، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی کوژران و برینداربوون، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری دیکەیش ئاوارەبوون، ئەمە وێڕای ئەوەی سەدانی دیکەیش رفێندران کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکی زۆریان نادیارە.

رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.

بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.

بەرپرسانی باڵا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان لە چەندین بوونەدا رایانگەیاندووە کە تا ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە، چونکە ھێشتا شنگال لە دەستی کۆمەڵێک ھێز و چەکداردایە کە رێگریی دەکەن لە گەڕانەوەی خەڵک و ئاوەدانکردنەوەی شنگال.