په‌رله‌مانتاری یه‌كگرتوو سه‌رچنار ئه‌حمه‌د: پێویسته‌ بڕوانامە لە بکوژەکە وەربگرێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كگرتوو وه‌ڵامی وه‌زیری كار وكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌داته‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: جارێکی تریش دەیڵێمەوە عوزر لەقەباحەت خراپترە.

سه‌رچنار ئه‌حمه‌د ڕایگه‌یاند، وەرە دوو خول پەڕلەمانتار بیت و زیاتر لە سێ ساڵیش وەزیربیت و ئاگاداری ئەو پەیڕەوە نەبیت کە ئەنجومەنی وەزیران بۆی دەرکردویت و بێیت و بڵێیت ( لەو پەیڕەوەی کە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی کردووە هیچ دەقێکی تیانییە ڕێگا لەخوێندنی هیچ سزا دراوێک بگرێت ).

ده‌قی نوسینه‌كه‌ی سه‌رچنار ئه‌حمه‌د:

جاێکی تریش دەیڵێمەوە عوزر لەقەباحەت خراپترە.

وەرە دوو خول پەڕلەمانتار بیت و زیاتر لە سێ ساڵیش وەزیربیت و ئاگاداری ئەو پەیڕەوە نەبیت کە ئەنجومەنی وەزیران بۆی دەرکردویت و بێیت و بڵێیت ( لەو پەیڕەوەی کە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی کردووە هیچ دەقێکی تیانییە ڕێگا لەخوێندنی هیچ سزا دراوێک بگرێت ).

پێم باشە ئەو پەیڕەوە جوانتر بخوێنیتەوە پاشان جێبەجێی بکەیت،هەر لەو پەیڕەوەدا ( ژمارە 1ی ساڵی 2008) لەبەشی نۆیەم ماددەی 35 دوو وەزارەتی پەیوەندیدار کردووە بە جێبەجێکردنی بەرنامەی خوێندن ئەوانیش وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتییە ،واتە بڕوانامە تەنها بۆ قۆناغی ئامادەییە نەک زانکۆیی و بەهیچ شێوەیەک باس لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی نەکراوە ،ئەمە بەدەر لەوەی هەر لە پەیڕەوەکەدا ماددەی یەکەم خاڵی (7و8) پێناسەی (النزیل)و(المودع) ی کردووە و مافی خوێندن بۆ ئەوانە نەک بۆ سزادراوی لەسێدارەدان،واتە المحکوم بالاعدام نە (النزیل)ەونە(المودع)یشە دادەی وەزیر.

خاڵێکیتر لەسەر ڕوونکردنەوەکە باسی ماددەی 98 ی یاسای سزادانت کردووە ،دەی هەر بەو ماددەیە سزادراوی لەسێدارەدان هەموو هەڵسوکەوتێکی پوچەڵە جگەلە (وصیة و وقف) ،وە خوێندن لە زانکۆیەکی تایبەتی وەکو (لوبنانی فەرەنسی)پێویستی بەگرێبەستە گرێبەستیش تصرفێکی قانونییەو بەپێی ماددەی 98 بۆ محکومی اعدام ڕێگەپێنەدراوە.

جێگای خۆیەتی لێرەدا بپرسم:ئەو گرێبەستەی نێوان بکوژو زانکۆ چۆن کرا؟ کێ ڕێگەی پێدا؟ کێ ڕەزامەندی لەسەردا؟ کێ ئاسانکاری بۆکرد ؟گەر بڵێی ئاگام لێ نییە ،دەڵێم دەی تۆ چۆن وەزیرێکیت ئاگات لە وردەکاری وەزارەتەکەشت نییە؟کەواتە لەبێخەبەران کەشکەک سڵاو .

لێرەوە دەڵێم ئەو کارەی وەزیرو بریکارەکەی کردوویانە هەڵەیە ،وە پێویستە پۆزشی بۆ بێننەوە نەک کەسەری کارەکەیان پەردەپۆشی بکەن و پەیوەستی بکە بە باسی هەڵبژاردنەوە ،چونکە خوێنی شەهید دکتۆر هوشیار زۆر لە بابەتی هەڵبژاردن و کورسی هەڵبژاردن گەورەترە.

وەئەم بابەتەش هیچ پەیوەندیەکی بە گۆڕان و یەکگرتووەوە نییە ،بەڵکو پەیوەندی بەهەڵەی وەزیرو بریکارەکەیەوەیەتی کەبەدەر لەسستمی پەیڕەوکراو دێن و بەشداری لە ئاهەنگی پێدانی بڕوانامە بەپلەی نایاب بە بکوژێک دەکەن کەلەزانکۆیەکی تایبەت بەدەستی هێناوەو پاشان دەستخۆشی لێدەکەن و وێنەی لەگەڵ دەگرن و لەپەیجی وەزارەتەکەشیان پەخشی دەکەن بەبێ گوێدانە هەستی کەسوکاری تاوانلێکراو!

لەکۆتایدا دەڵێم پێویستە هەرچی زووترە وەزارەتی خوێندنی باڵا بێتە سەرخەت و لێکۆڵینەوەی وورد لەبابەتەکە بکات و بڕوانامەش لە بکوژەکە وەربگرێتەوە چونکە بەڕێو شوێنی نایاسایی وەریگرتووە.

وەپێویستە لایەنی جێبەجێکاریش چیتر نەبنە هۆکاری قەڵەوکردن و ڕێزلێنان لەبکوژان و سزادراوانی لەسێدارەدان و بە سزای یاسایی خۆیانیان بگەینن تا چیتر دیاردەی کوشتن و تاوانکاری تەشەنەنەکات و ئەرزشێکیش بۆ سزاو بڕیاری داگاکان بمێنێتەوە.