هه‌فته‌ی داهاتو بڕی 308 ملیار دیناره‌كه‌ی شایسته‌ی دارایی جوتیاران ده‌گاته‌ هه‌رێم

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

پارێزه‌ری خۆبه‌خشی دۆسیه‌ی جوتیارانی كوردستان له‌ به‌غدا له‌په‌یامێكدا رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌فته‌ی داهاتو بڕی 308 ملیار دینار كه‌ شایسته‌ی دارایی جوتیارانه‌ ده‌گاته‌ هه‌رێم و دابه‌شده‌كرێت.

به‌شدار حه‌سه‌ن، پارێزه‌ری خۆبه‌خشی دۆسیه‌ی جوتیارانی كوردستان له‌ به‌غدا له‌ په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه‌، شایسته‌ داراییه‌كانی جوتیارانی كوردستان بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016، له‌ هه‌فته‌ی داهاتودا به‌سه‌ر جوتیارانی هه‌رێمی كوردستاندا دابه‌شده‌كرێت.

راشیگه‌یاندوه‌، "رۆڵی به‌شێك له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان و وه‌زیری كوشتوكاڵی كابینه‌ی ئێستا و رابردو ناكرێت له‌ بیر بكه‌ین، به‌ چه‌ند قۆناغێك ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی ماوه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ 308 ملیار دینار له‌ هه‌فته‌ی داهاتو ده‌گاته‌ كوردستان و به‌سه‌ر جوتیاران دابه‌شده‌كرێت".

پێشتریش، كه‌مال موسلیم، وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتو 100 ملیار دینار پاره‌ی ساڵه‌كانی 2014، 2015، 2016 دابه‌شده‌كرێت و له‌ ماوه‌ی 10 رۆژی دیكه‌شدا 208 ملیاری دیكه‌ش ده‌گاته‌ ده‌ستمان و ته‌واوی پاره‌كه‌ كه‌ 308 ملیار دیناره‌ دابه‌شده‌كرێت.