دهۆک-KDP.info - پەرلەمانی پورتوگال بە زۆرینەی دەنگ کۆمەڵکوژیی ئێزدییانی بە جینۆساید ناساند.
ڕۆژی هەینی (٢٩-١١-٢٠١٩)، پەرلەمانی پورتوگال لەسەر پرسی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان کۆ بووەوە و پرسەکە تاوتوێ کرا و دواتر خرایە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ بە جینۆسایدی ناساند.
پسپۆڕانی بواری جینۆساید ئەم هەنگاوە بە هەنگاوێکی زۆرباش لەقەڵەم دەدەن و ڕایگەیاند، ئەمە دەبێتە پاڵنەرێکی کەیسەکە بۆ ئەوەی لە جیهاندا بەجینۆساید بناسریت. پەیوەست بەمەش، کرمانج عوسمان، شارەزایی یاسایی لە جینۆساید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هەرچەندە ئەم هەنگاوە لە ڕووی یاسایییەوە نییە، بەڵام هەنگاوێکی زۆر باشە لە ڕووی عاتیفی و مرۆییەوە، چونکە پێ دەچێت حکوومەتی ئەو وڵاتە بڕەپارەیەک بۆ قوربانیان تەرخان بکات، یاخود ئیقامە بە ئێزدییان بدات."
گوتیشی: " بەجینۆسایدناساندنی ئەم کۆمەڵکوژییە دەبێتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی تەعاتوفی وڵاتان لەگەڵ کەیسی ئێزدییان زیاتر بێت و دواتر لە ڕووی یاسایییەوە بەجینۆساید بناسرێت."
پەرلەمانی چەندان وڵات و هەرێمی جیهان، لەوانەش کوردستان، ئەرمینیا، ئوسترالیا، سوید و... هتد، کۆمەڵکوژیی ئێزدییانیان بە جینۆساید ناساندووە."
کاروان باعەدری