چین هۆشداریی دا لەوەی ئەمریکا پرسی تایوان نەکاتە قەیرانێکی گەورەتر

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-06 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

وەزیری دەرەوەی چین، ڤانگ یی هۆشداریی دا ئەمریکا کە خۆی لەو هەنگاوانە بەدوور بگرێت کە دەبێتە هۆی قوڵبوونەوەی زیاتری قەیرانەکان.


رۆژنامه‌ی South China Morning Post بڵاوی كرده‌وه‌، وەزیری دەرەوەی چین، ڤانگ لە لێدوانێکدا لە کەمبۆدیا لەمیانی کۆبوونەوەی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی وڵاتانی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا (ASEAN) و چین، ئاماژەی بەوە کردووە واشنتۆن کە رێگەی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی، نانسی پێلۆسی داوە سەردانی دوورگەکە بکات، ئەو لایەنەیە کە قەیرانەکەی دروستکردووە.

ڤانگ بە ئاماژەدان بەوەی کە پێویستە پەکین کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بەو سەردانە، چونکە سەروەرییەکانی پێشێل دەکرێت و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی دەکرێت، گوتی: "تاکتیکی ئەمریکا ئەوەیە سەرەتا کێشە دروست بکات و دواتر بەکاری بهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. بەڵام ئەم تاکتیکە سەرناگرێت، کاتێک باس لە چین دەکرێت".

وەزیری دەرەوەی چین هەروەها رایگه‌یاند كه‌ چین مانۆڕە سه‌ربازییەکانی به‌پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدات، گوتیشی: "داوا له‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ین خۆی لەو هەنگاوانە بەدوور بگرێت کە دەبێتە هۆی قوڵبوونەوەی زیاتری قەیرانەکان".

ڤانگ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانج لەو مانۆڕانە "هۆشداریی و سزادانی ئەو هێزانە بووە کە بەرگریی لە سەربەخۆیی تایوان دەکەن".

سه‌ردانه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی و شاندی یاوەری کە لە پێنج كه‌س پێکهاتبوو، كاردانه‌وه‌ی حکوومەتی په‌كینی به‌دوای خۆیدا هێنا.

وەزارەتی دەرەوەی چین، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە ئیدانەی ئەو سەردانە دەکات، وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەش رایگەیاند کە "زنجیرەیەک مانۆڕی سەربازیی" لە دەوروبەری تایوان ئەنجام دەدات.

- ئەو سەردانە هەڵوەشایەوە کە بڕیاربوو لە مانگی نیساندا ئەنجام بدرێت
هەرچەند بڕیاربوو نانسی پێلۆسی لە مانگی نیساندا سەردانی تایوان بکات، بەڵام بە پاساوی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەردانەکە هەڵوەشایەوە.

وەزیری دەرەوەی چین، ڤانگ یی ئەو کات هۆشداریی دابوو کە سەردانەکەی پێلۆسی بۆ تایوان بە مانای "بەزاندنی هێڵی سوور" دێت.
نانسی پێلۆسی لە ماوەی ٢٥ ساڵدا بووە یەکەم سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە سەردانی ئەو دوورگەیە بکات. پێشتر لە ساڵی ١٩٩٧دا نیوت گینگریچ وەک سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کردبوو.