فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران: زایۆنیستەكان بۆ ئەم تاوانەیان باجێكی قورس دەدەن

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-06 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران به‌ توندی ئیدانه‌ی تاوان و هێرشه‌كانی ڕژێمی زایۆنیستیی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ كرد و وتی: زایۆنیسته‌كان بۆ ئه‌م تاوانه‌یان باجێكی قورس ده‌ده‌ن.

به‌ پێی ڕاپۆرتی جام كوردی، فه‌ریق حوسێن سه‌لامی فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران له‌ چاوپێكه‌وتنی زیاد نه‌خاله‌ ئه‌مینداری گشتی بزوتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی فه‌ڵه‌ستین له‌ تاران، وتی: ئامانج و ستراتیژی ئێمه‌ ئازادكردنی قودسی پیرۆز و گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی فه‌ڵه‌ستینه‌ بۆ خاوه‌نه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی.

له‌ به‌شێكى قسه‌كانیدا، فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای پاسداران وتی: ئه‌مڕۆ به‌رپرسه‌ باڵا و ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كانی زایۆنیست وه‌ك باراك، بنێت و نتانیاهۆ دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ ڕژێمی زایۆنیستی لاواز بووه‌ و به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌ڕوات و ته‌ل ئه‌بیب به‌ هۆی بێهیوایی له‌ هێزی ئه‌مریكا بۆ پاراستنی ئه‌م ڕژێمه‌، به‌ره‌و هه‌ندێك له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌ڕوات تا بتوانێت خۆی به‌هێز بكات، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌م ستراتیژه‌ش سوودی نییه‌.

وتیشی كه‌ به‌هێزبوونی خۆڕاگری وایكردووه‌ زایۆنیسته‌كان له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ن و دانیشتووانی ناوچه‌ داگیركراوه‌كان دیسانه‌وه‌ ڕوو له‌ كۆچكردن به‌ره‌و وڵاتانی دیكه‌ بكه‌ن.