ئێران: "دانوستانە (ئەتۆمی)یەکانی ڤیەننا بەرەوپێشچوونیان بە خۆیانەوە بینیووە"

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ديجيتال ميديای سپێده‌

راوێژکاری شاندی دانوستانکاری ئێران بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی، محەمەد ماراندی رایگەیاند کە دانوستانەکانی ڤیەننا بەرەوپێشچوونیان بە خۆیانەوە بینیووە، بەڵام پێویستە هەستیار بن.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە کە ماراندی لەبارەی دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ دیسانەوە کارکردن بە رێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنەکە بۆ تەلەڤیزیۆنی Al-Mayadeenی لوبنانی دواوە.

ماراندی بە ئاماژەدان بەوەی کە لە دانوستانەکانی ڤیەننادا، بیروبۆچوونی ئەمریکا و ئێران لێک جیاوازە، بەڵام لەگەڵ ئەورووپی و رووسەکان بیروبۆچوونیان لێک جیاواز نییە.

ماراندی بانگەشەی ئەوەی کرد کە وڵاتەکەی جگە لە چوارچێوەی پلانی کاری هاوبەش کە بە رێککەوتنی ئەتۆمی ناسراوە، داواکارییەکی دیکەی نییە و گوتی: "بابەتی سوپای پاسداران بەشێک نییە لە دانوستانەکان، میدیای خۆرئاوا ئەم بابەتەی گەورە کردووە".

راوێژکاری شاندی دانوستانکاری ئێران بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی بە ئاماژەدان بەوەی کە بەشێوەیەکی گشتی دانوستانەکانی ڤیەننا بەرەوپێشچوونیان بە خۆیانەوە بینیووە، بەڵام پێویستە هەستیار بن، گوتی: "کۆمەڵێک کێشە هێشتا ماون، پێویستییان بە چارەسەرکردنە".

ناوبراو بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان بەلای ئێرانەوە گرنگە، گوتی: "تاکوو بەرەوپێشچوونی زیاتر روو بدات، دانوستانەکان بەردەوام دەبن و بەلای ئێمەوە گرنگە بگەینە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە. پێویستە ئەمریکا ژمارەیەک بڕیار بدات بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی ئێران".