بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە لە پارێزگایەکی باشووری عێراق سێ رۆژ کرایە پشوو

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، سێ رۆژ پشووی فەرمی لە دامەزراوە و فەرمانگەکانی سەربە حکوومەتی خۆجێی پارێزگای زیقار باشووری عێراق راگەیەندرا.

نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری زیقار لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە کە ٥٠ پلەی سەدی تێپەڕاندووە، ھەروەھا کوژانەوەی کارەبا لە سەرانسەری عێراقدا و بەڕێوەچوونی رێورەسمەکانی رۆژی ١٠ی عاشوورا، بڕیاردرا لە رۆژانی حەوت، ھەشت و نۆی ئابی ٢٠٢٢دا، دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگەکانی سەربە حکوومەتی خۆجێیی پارێزگای زیقار بکرێت بە پشوو.

راشیگەیاندووە کە بڕیارەکە دامەزراوە ئەمنی و تەندروستییەکان، ھەروەھا بەشەکانی شارەوانی و تیمەکانی تایبەت بە فەرمانگەکانی ئاو، کارەبا و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ ناگرێتەوە.

ماوەی چەند رۆژێکە، شەپۆلێکی گەرما زۆربەی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتووەتەوە، بەجۆرێک کە پلەکانی گەرما لەو ناوچانە، ٥٠ پلەی سەدی تێپەراندووە.